Accessibility links

لە یادی دامەزراندنی وڵاتەکەدا کۆریای باکوور ڕێپێوانێکی سەربازی ئەنجام دەدات و لە بری موشەک سەگ و ئەسپ نمایش دەکات


شەوی پێنجشەممە کۆریای باکوور ڕێپێوانێکی سەربازی گەورەی ئەنجامدا و بە پێی وێنەکانی تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی وڵاتەکە تیایدا نمایشی سەگ، ئەسپ و تراکتۆر کراوە و هیچ موشەکێکی بالاستیکی نمایش نەکراوە.

ئەو ڕێپێوانە کە لە پاش نیوەشەو ئەنجام درا بە بۆنەی 73هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆریای باکوورەوە بووە.

هەندێک لە شارەزایان چاوەڕوانیان دەکرد ڕەنگە کۆریای باکوور ئەم بۆنەیە بۆ نمایشکردنی چەکی نوێ بەکاربهێنێت هەروەکو لە مانۆڕەکانی پێشوودا ئەنجامی دابوو. بەڵام لە بری ئەوە ڕێوڕەسمەکە زیاتر نمایشێکی مەدەنی بوو کە لە مەیدانی کیم ئیل سەنگ لە ناوەندی پیونگیانگ بەڕێوەچوو.

بەرچاوترین لایەنی ئەم کەرنەڤاڵە دەرکەوتنی کیم جۆنگ ئانی ڕابەری کۆریای باکوور بوو کە تەماشای نمایشەکانی دەکرد.

ئەو ڕابەرە تەمەن 37 ساڵانەی کە لایەنی تەندروستی بوبو بە بابەتی میدیاکانی ڕۆژئاوایی، دەرکەوت کە بە شێوەیەکی بەرچاو کێشی دابەزیوە لەم چەند مانگەی دواییدا.

میدیای دەوڵەتی کۆریای باکوور لە مانگی شەشدا دانی بەوەدا نا کە کێشی کیم بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، تەنانت گوتیشی ئەمە جێگای گومانی هەندێک لە هاووڵاتیانی کۆریای باکوور بووە بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەسەر ئەوە بڵاو نەکردەوە.

بڵاوبوونەوەی قسەوباس لەسەر تەندروستی کیم ساڵی ڕابردوو زیادی کرد پاش ئەوەی کە لە بۆنەیەکی گەورەی وڵاتەکە کە ڕۆژی لە دایکبوونی کیم ئیل سەنگی کۆچکردووی باپیریەتی، ئامادە نەبوو. لەو کاتەوە کیم جۆن ئون بۆ ماوەیەک دەرناکەوت بەبێ ئەوەی ڕوونکردەوە بدرێت. هەرچەندە بابەتی کێشی کیم زۆربەی جار بە شێوەیەکی ئاسایی یان بە گاڵتەوە لە میدیا باس دەکرێت بەڵام بابەتی تەندروستی ئەو گرنگە، چونکە ئەو بە شێوەیەکی تاکڕەوانە وڵاتێکی خاوەن چەکی ناوکی بەڕێوە دەبات و ڕەنگە لە ئێستاشدا پلان بۆ جێگرەوەی دانەنرابێت.

کیم کە لە بۆنەکەدا هیچ لێدوانێکی فەرمی نەدا، لەلایەن سەربازان، خەڵکی سڤیل و منداڵانەوە پێشوازییەکی زۆری لێکرا.

ئەمە سێهەمین ڕێپێوانی سەربازی کۆریای باکوورە لە ماوەی نزیکەی ساڵێکدا و یەکەمە لەوەتای جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دەستی بە کار کردووە.

XS
SM
MD
LG