Accessibility links

ئوسامە بن لادنی بوداییەکان ئازاد دەکرێت


ئاشین ویراتوو

ئەنجومەنی لەشکریی میانمار ئازاد کردنی ڕەبەنێکی بودایی دژە ئیسلام ڕادەگەیەنێت و دەڵێت لە سەروەختی حکومەتە ڕوخاوەکەی ئۆن سان سوچیدا زیندانیکراوە بە تاوانی نانەوەی ئاژاوە و قسەڵۆک دروستکردن.

ئاشین ویراتوو، پێشتر لەلایەن گۆڤاری "تایم"ەوە بە ئوسامە بن لادنی بوداییەکان ناودێر کرابوو بەهۆی ئەو ڕۆڵەی هەیبووە لە بڵاوکردنەوەی ڕق و کینەی ئاینیدا لە میانمار؛ ئەمڕۆ دووشەممە لە زیندان ئازادکراوە پاش ئەوەی تەواوی گوناهبارکردنەکانی لەسەر لادراوە.

ویراتوو، لە یەکێک لە نەخۆشخانە لەشکرییەکاندا چارەسەری تەندروستی وەردەگرت، بەڵام لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی لەشکریدا هیچ باسێکی لەوە نەکردووە، بۆچی لە نەخۆشخانە بووە.

ئەم ڕەبەنە بوداییە تەمەن 53 ساڵە، دەمێکە بە گوتارە توند ئامێزەکانی ناسراوە دژ بە ئاینی ئیسلام و بەتایبەتیش دژی موسڵمانە ڕۆهینگییەکان.

لە ساڵی 2017دا ئەنجومەنی باڵای بوداییەکان لە میانمار، بۆ ماوەی یەک ساڵ ڕێی لێگرت لەوەی هیچ وتارێکی ئاینی بدات.

بەڵام پاش تەواو بوونی ئەو وادەیە، ئەم ڕەبەنە پشتیوانکارە لە ئەنجومەنی لەشکریی وڵاتەکەی، جارێکی تر کەوتەوە بەشداریکردن لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا و لە گوتارەکانیدا حکومەتی ئەو کاتەی میانماری بە گەندەڵی گوناهبار دەکرد.

میانمار لەوەتای مانگی 2ی ڕابردووەوە لە ئاژاوە و گێرەشێوێنیدا دەژی پاش ئەو کودەتایەی کرا و لەشکر کەوتە سەرکوتکردنی جودابیران. لە ڕووداوەکانی پاش کودەتاکەوە، زیاتر لە یەک هەزار کەس کوژراون، وەک لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوە خۆجێیەکانی میانماردا ئاماژەی پێکراوە.

XS
SM
MD
LG