Accessibility links

لێبوردن لە جەیکوب زوما مشتومڕێکی گەورە دەنێتەوە


سەرۆکی پێشووی ئافریکای باشور هاوکاتی دادگاییکردنەکەی
سەرۆکی پێشووی ئافریکای باشور هاوکاتی دادگاییکردنەکەی

ڕێکخراوە سیڤیلییەکان و ئۆپزسیۆنیش لە ئافریکای باشور داوای ڕوونکردنەوە دەکەن بۆ ئەو لێبوردنە مەرجدارەی لەسەر بنەمای تەندروستی دەرچووە بۆ جەیکوب زوما، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە.

ئەم لێبوردنە مەرجدارە چەند ڕۆژێک بەر لە دەستپێکردنی داگاییکردنی زوما بووە.

پاش 60 ڕۆژ لە ماوەی زیندانیکردنەکەی بۆ 15 مانگ لەسەر بەرەنگاربوونەوەی لێکۆڵەرەکان و وەڵام نەدانەوەی پرسیارەکانی لێی دەکران لەسەر ئەو گەندەڵیانەی وەک دادپارێزان دەڵێن زوما تێوەیگلاوە، دەسەڵاتدارانی زیندان ڕایانگەیاندووە؛ جەیکوب زوما، تەمەن 79 ساڵ بە مەرج لە زیندان ئازاد دەکرێت بەهۆی ڕەوشی تەندروستییەوە.

دوای یەک مانگ لە زیندانیکردنەکەی، زوما براوەتە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی ئەو زیندانەی لێی بووە و لەوێش لەژێر چاودێری کارمەندانی تەندروستی لەشکردا بووە و هەر لەوێش دەمێنێتەوە و نەخۆشییەکەیشی بە نهێنی ماوەتەوە و لەژێر چاودێری ئاسایشیشدایە؛ بەڵام ئازادکردنە مەرجدارەکەی توڕەیی و ناڕەزایی ڕێکخراوە سیڤیلییەکان و لایەنەکانی ئۆپزسیۆنیشی بە دوای خۆیدا هێناوە و گومانیشیان هەیە لەوەی ئەو لێبوردنە مەرجدارە ڕەهەندی سیاسی هەبێت و داوای ڕوونکردنەوەشیان کردوە.

ئەم بڕیارە بۆ ئازادکردنە مەرجدارەکەی زوما، دوای کۆبوونەوەکەی ڕۆژی یەکشەممەی دەستەی کارگێڕی ئەنجومەنی نیشتمانی ئافریکا بووە.

جۆن ستینهۆسن، ڕێبەری هاوبەندی دیموکراسی، کە گەورەترین لایەنی ئۆپزسیۆنی ئافریکای باشورە دەڵێت " ئەم بڕیارە هەر ئێجگار جێی گومانە و بڕیارێکی سیاسییە نەک پەیوەندی بە تەندروستییەوە هەبێت."

ئەم ڕێبەرەی ئۆپزسیۆن و ڕێبەرانی تری ڕێکخراوە سیڤیلییەکانیش سوورن لەسەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی زیندانەکەی زومای لێبووە، ناچار بکەن تا زانیاری و وردەکارییەکانی ئەو بڕیارە ئاشکرا بکەن.

ڕێبەرانی ڕیکخراوە سیڤیلییەکانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن "ئەو بڕیارە نیشانەیەکە بەوەی "ئەگەر تۆ پەیوەندی سیاسیت هەبێت، ئەوا زیندان جێی تۆ نییە."

کاربەدەستێکی زیندانەکەی زوما، جەخت دەکاتەوە لەوەی بڕیارەکە لە سەروی بەڕێوەبەرانی زیندانەکەوەیە و لەسەر بنچینەی ڕای پزیشکەکانیش بووە.

ئەو کاربەدەستە بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت دەڵێت "بەڕێز زوما پێویستی بەوە بووە بخرێتە ژێر چاودێرییەکی چڕی تەندروستییەوە و بەوپێیەش لێبوردنی تەندروستی دەیگرێتەوە." لە درێژەی لێدوانەکانیدا، کاربەدەستەکە، هیچ باسێکی لە نەخۆشییەکەی زوما نەکردووە.

XS
SM
MD
LG