Accessibility links

نوێترین زانیاری لەسەر کودەتاکەی گینیا


زرێپۆشی لەشکر لە شەقامەکانی پایتەختی گینیا
زرێپۆشی لەشکر لە شەقامەکانی پایتەختی گینیا

ژمارەیەک لە ئەفسەرە لەشکرییەکانی گینیا دەڵێن کودەتایان کردووە و سەرۆکی وڵاتەکەیان دەستگیرکردووە، بەڵام حکومەتی وڵاتەکەش دەڵێت بەرەنگاری ئەو هەوڵی کودەتا کردنە بۆتەوە.

ئەم ڕووداوانەی ئەمڕۆ یەکشەممەی ناو ئەم وڵاتە هەژارەی ڕۆژئاوای ئافریکا، نوێترین شەپۆلی پشێوی سیاسییە کە لە گینیای داوە.

ئەفسەرێک بە جلوبەرگی لەشکرییەوە و سەرباز چواردەوریان دابوو دەڵێت "پاش ئەوەی سەرۆکی وڵاتەکە دەستگیرکرا، بڕیارمان داوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستوری گینیا."
لەو لیدوانە ڤیدیۆییەی ئەو ئەفسەرەدا کە نێردراوە بۆ ئاژانسەکانی هەواڵ، ئاماژەشی بەوەکردووە، خاک و ئاسمانی وڵاتی گینیا داخراون و حکومەتی وڵاتەکەش هەڵوەشێندراوەتەوە.

هێشتا تەواوی ڕەوشەکە بە نادیاری ماوەتەوە لە گینیا. حکومەتی وڵاتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "ئەو هێرشەی کرابووە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی، لەلایەن هێزی تایبەتەوە تێکشکێندراوە." بەڵام لە تۆمارێکی تری ڤیدیۆییدا، وەک دەگوترێت ئەفسەرەکانی کودەتاکە ناردوویانە بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێس، ئالفا کوندی سەرۆکی وڵاتەکە لەسەر کورسییەک دانیشتووە و ژمارەیەک سەربازیش چاودێری دەکەن.
کوندی وەڵامی ئەو سەربازە ناداتەوە کە لێی دەپرسێت ئایا هیچ بەدڕەفتارییەکی لەگەڵدا کراوە یان نا.

گینیا، یەکێکە لە وڵاتە هەرە هەژارەکانی جیهان، هەرچەندە سەرچاوەی کانزایی زۆری هەیە، بەڵام پشیوی و ئاڵۆزی سیاسی باڵی کێشاوە بەسەر وڵاتەکەدا.
دانیشتوانی ناوچەی کالۆوم لە کۆناکری پایتەختی گینیا، زوویەکی ئەمڕۆ یەکشەممە باسیان لەوە کردووە دەنگی تەقەیەکی زۆر بیستراوە.

دانیشتوان لەبەر مەترسی ئاسایشی نەیاندەویست ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن، دەڵێن لەسەر شەقامەکان سەربازەکانیان بینیوە و سەربازەکان داوایان لێکردوون بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان و نەیەنە دەرەوە.

دیپلۆماتێکی ڕۆژئاوایی دەڵێت پشێویەکان پاش دەرکردنی گەورە سەرکردەیەکی هێزی تایبەتی وڵاتەکە دەستیپێکردووە و ئەمەش وەهای کردووە کە ژمارەیەک لە سەربازەکانی هێزی تایبەت هێرش بکەنە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی و داگیری بکەن.

هێشتا لە لایەنێکی سەربەخۆ ئەو زانیارییە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

ئەم هەوڵی کودەتایە پاش سەروەختێکی درێژخایەنی پشێوی سیاسی دێت لە گینیا، بەتایبەتیش پاش ئەو هەوڵەی سەرۆکی وڵاتەکە بوو لە ساڵی پاردا تا گەڕی سێهەمی سەرۆکایەتی گینیا بەدەستبێنێت.

ئالفا کوندی، تەمەن 83 ساڵ، لە ساڵی 2011شدا لە هەوڵێکی کوشتن ڕزگاری بوو.

XS
SM
MD
LG