Accessibility links

کێشەی خۆراکی ناتەندروست لە ئەمەریکا


لە هەر 10 ئەمەریکاییەکی تەمەن 18ساڵ بەسەرەوە 9کەسیان بە شێوەیەک لە شێوەکان ناتەندروستن و ئەمەش بە وتەی شارەزایان بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خۆراکانەی کە دەیخۆن. شارەزایان دەڵێن لەوانەیە کاتی ئەوە هاتبێت کە حکومەت لەو ڕووەوە هەنگاوێک هەڵگرێت و ڕێکخستنێکی هەبێت بۆ ئەو شتانەی کە ئەمەریکاییەکان دەیخۆن.

دکتۆر داریوش موزەفەریان، پسپۆڕی دڵ و سەرۆکی بەشی زانست و سیاسەتی خۆراک لە زانکۆی تافتس دەڵێت "ئەمە تاکە بەشی ئابووری ئێمەیە کە سەرباری ئەوەی ئاگاداری زیانی زۆربەی بەرهەمەکانین، بەڵام بڕیار لەسەر بە بەکارهێنانی بۆ خەڵکی بەجێدهێلین. لە بەشەکانی دیکەدا وەک سەلامەت بوونی ئۆتۆمبێل، ماڵ، مۆبایل و ئەو شتانە بە هیچ شێوەیەک پشتگوێ ناخرێن و ئەگەر ئەو بەرهەمانە کێشەیەکیان هەبێت کە زیان بە خەڵک بگەیەنێت، یان چاکی دەکەن یان لەناویان دەبەن و بەجێیان ناهێڵێن بۆ بەکارهێنەران.

بۆ هەڵسەنگاندنی تەندروستی میتابۆلیک Metoblic، پزیشکەکان شەکری خوێن، کۆلیسترۆڵ، پەستانی خوێن و نیشاندەرەکانی تر پێوانە دەکەن. ئەو کەسانەی کە لە باری تەندروستی میتابۆلیکی خراپدان، زیاتر ڕووبەڕووی مەترسی زیادبوونی نەخۆشی شەکرەی جۆری 2 و نەخۆشی دڵ و کێشە تەندروستییە ڕژدیتر دەبنەوە.

موزەفەریان دەڵێت "ئێمە تەندروستی وەک شتێکی ئاسایی سەیر دەکەین و نەخۆش بوون وەک شتێکی نائاسایی و ئەوەی بەتێپەڕبوونی کات ڕوویداوە ئەوەیە کە نەخۆشییەکانی پەیوەندیدار بە خواردن بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە ئێمە نەخۆش بین لەوەی تەندروست بین، بەتایبەتی ئەمە لە گەورەکاندا زۆرتر ڕوودەدات. لە 10 کەس9کەس تووشی ناتەندروستی میتابۆلیک بوون، بە زۆری بەهۆی نەخۆشییەکانی پەیوەندیدار بە خواردنەکانەوە. ئێمە سیستمێکی خراپمان هەیە".

خواردنە ئامادە و خێراکان ناتوانن سوودێکیان هەبێت بۆ ئەمەریکاییەکان. توێژینەوەیەکی 17 ساڵە دەریخستوە کە خواردنە ئامادەکان بەشێکی کەمی پێداویستی خۆراکی تێدایە و بە زۆری لە شەکر و خوێ و چەوری پێک دێن.

بەرنگار بوونەوەی خواردنی ئەو جۆرە خواردنانە کارێکی قورسە، چونکە ئەو خواردنانە ئەو شتانەیان تێدایە که جەستەمان تامەزرۆیەتی.

لیندا بارتۆشوک، مامۆستای بەشی زانستی خۆراک و خۆراردنی مرۆڤ لە زانکۆی فلۆریدا دەڵێت "خواردنە ئامادەکان لە بنەڕەتدا شیرینی، خوێ و چەورییان زۆرە و ئەمانە ئەو شتانەن کە زۆر پێویستن بۆ ژیان و وزە دابین دەکەن و شیرینیش زۆر گرنگە چونکە گلۆکۆز تاکە سوتەمەنیە کە مێشک دەتوانێت بەکاری بهێنێت، بۆیە سروشتییە کە ئێمە حەزمان لەم شتانە بێت."

ئەو دەشڵێت کێشەکە ئەوەیە کە لەشی ئێمە بە شێوەیەک دروست نەکراوە کە پێمان بڵێت کەی بەسە و دەبێت دەست ڕاگرین."

بارتۆشوک دەڵێت "ڕاشکاوانە بڵێم کە هەرچەندە بەتەمەنتر دەبین و تەمەنی منداڵداربوون تێدەپەڕێنین، گەشە کەمترین گرنگی دەمێنیت لامان و پاشان ئەو شتانەی کە کاتێک گەنج بووین زۆر گرنگ بوون بۆمان، دەبنە مەترسی لەسەرمان. ئێمە لەبەکارهێنانی شتەکان زیادەڕۆی دەکەین و خوێ زۆر دەخۆین، شەکری زۆر، چەوری زۆر و ئەمانەش هەموو جۆرە نەخۆشییەکە بەرهەم دەهێننن."

لە ساڵانی 1960دا، ئەمەریکا سەرنجی خستە سەر نەهێشتنی برسێتی وهەروەها لە ساڵانی 1990دا سەرنجی خۆی خستە سەر نائارامی خۆراک. موزەفەریان یەکێکە لەو شارەزایانەی بواری تەندروستی لە ئەمەریکا کە داوای ئەوە دەکات کە حکومەت لە جیاتی جەخت کردنەوەی لەسەر 'ئاسایشی خۆراک' جەخت لەسەر 'پێداویستیە خۆراکییەکان' بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی تەندروستی لە نێوان ئەمەریکاییەکاندا.

نموونەی ژەمێکی تەندروست

ئەو دەیهەوێت بزانێت کە حکومەتی فیدڕاڵی پێشەنگایەتی دەکات بۆ باشترکردنی خۆراک لە بەرنامەی خۆراکی بەردەست وەک پرۆگرامی یارمەتی خۆراکی (SNAP) کە یارمەتییەکی حکومەتە بۆ ئەو خێزانانەی کە داهاتیان کەمە و هەروەها باشترکردنی نانی نیوەڕۆی قوتابخانەکان و ژەمەکانی سەر چەرخەکان، و ئەو خواردنانەی دەبرێتە ماڵەوە بۆ ئەمەریکاییە بەتەمەنەکان.

هەرچەندە ئەمەریکاییەکان بە شێوەیەکی زۆر ناتەندروستن، بەڵام ئەمەریکا لە ساڵی 2019دا 3.8 تریلیۆن دۆلاری بۆ چاودێری تەندروستی خەرج کردوە. موزەفەریان دەڵێت کاتی ئەوە هاتووە پێداویستیە خۆراکیەکان ببێت بە بەشێک لە چاودێری تەندروستی و لەبەرچاو بگیرێت.

ئەو دەڵێت "ڕێگایەکی زۆر ڕاست و ئاسان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، بۆ نموونە بەرهەم هێنانی وەرەقەی پزشکی بۆ ئەوەی ئەگەر حاڵەتێکی پزیشکی دیاریکراوت هەبێت و پێویستیت بە خۆراکی تەندروست هەبێت، دکتۆرەکە بۆت دەنوسێت کە یان خواردنە تەندروستەکان وەردەگریت یان پارەکەیت پێ دەدەن."

ئەم ڕێبازە بریتیە لە ژەمە خواردنە تەندروستەکان و ئەو ئەو ژەمە خواردنە تەندروستانەی دەبرێنە ماڵەکانەوە و هەروەها فێرکردنی کارمەندانی چاودێری تەندروستی لەبارەی گرنگی پێداویستیە خوراکییەکان، لەوانە دکتۆرەکانی داهاتوو کە ئێستا لە بەشە پزیشکیەکاندان.

دواین جار کە کۆشکی سپی کۆنفرانسێکی لەسەر خۆراک و ژیواندن و تەندروستی ساز کرد ساڵی 1969 بوو. دەستەی کونفرانسەکە ئامۆژگاری سەرۆک ڕیچارد نیکسۆنیان کرد لەسەر کۆتایی هێنان بە برسێتی و بەدخۆراکی لە نێوان خەڵکی هەژار لە ئەمەریکا و ئەمەش کاریگەری هەبوو بۆ دەیەکانی دواتر لەسەر بەرنامەی خۆراکی ئەمەریکا.

بەرنامەی تایبەت بە خۆراکی پاشکۆ بۆ ژنان و کۆرپە و منداڵان کە (بە گشتی بە بەرنامەی WIC ناسراوە) و بەرنامەی نانی نیوەڕۆی قوتابخانەکان و دانانی رێنماییەکانی خۆراکی بۆ ئەمریکاییەکان، هەموو ئەمانە ئەنجامی ئەو کۆنفرانسە بوو کە لە ساڵی 1969 بەڕێوەچوو. سیناتۆری ئەمەریکایی، کۆری بەکێر و جەیمس مەکگاڤرێن نوێنەری ئەمریکا لەو کەسانەن کە داوای دووهەمین کۆنفرانسی کۆشکی سپی دەکەن لەسەر خۆراک و ژیواندن.

لە هەمان کاتدا بەرتۆشوک و موزەفەریان داوا دەکەن کە پارەیەکی زیاتر تەرخان بکرێت بۆ توێژینەوەکان لەو بارەیەوە.

بارتۆشوک دەڵێت "پەیمانگای نیشتمانی تەندروستی هێندە توێژینەوە لەسەر خۆراک و پێداویستیە خوراکییەکان ناکات بەو شێوەیەی کە پێم وایە پێویستە بکرێت. چوونکە ئەوە بایۆلۆجیای مۆلیکولی نییە و شێرپەنجە نییە، بۆیە بەو شێوەی کە دەبێت پارەیان بۆ تەرخان بکرێت من پێم وایە پارەیان پێ نادرێت."

هاوکات موزەفەریانیش پێی وایە پەروەردەی خۆراک و پێداویستیە خوراکییەکان زۆر گرنگن و دەڵێت چاککردنەوەی ئەو خواردنانی ئەمریکاییەکان دەیخۆن کارێکی زۆر گرنگە.

XS
SM
MD
LG