Accessibility links

پەنتاگۆن: مەترسی هێرشی تر هەیە بۆسەر فڕۆکەخانەی کابوڵ


پەنتاگۆن ئاگاهیدەدات بە مەترسییەکی ڕاستەقینەی تری هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی کابوڵ.

ئەم ئاگهیدانەی ئەمڕۆ دووشەممەی پەنتاگۆن، تەنها چەند کاتژمێرێک بەر لە دوا وادەی ئەمەریکایە بۆ کۆتایهێنانی تەواوەتی بە کشانەوە لە ئەفغانستان کە هاوکاتە لەگەڵ توندوتیژییەکانی دەوڵەتی ئیسلامیدا.

سەرۆک جۆو بایدن، ڕۆژی سێشەممەی وەک دوا وادە داناوە بۆ کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە درێژخایەنترین شەڕی لەشکریی ئەمەریکا کە لە تۆڵەکردنەوەی هێرشە تێرۆرکارییەکانی یازدەی سەپتێمبەری ساڵی 2001ەوە دەستیپێکرد.

گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبانی توندڕەوی ئیسلامی بۆ دەسەڵات بووە مایەی ئەوەی زۆر کەس ترس و نیگەرانییان لەلا دروست بێت وخۆیان بگەیەننە فڕۆکەخانەی کابوڵ تا لە وڵاتەکە دەربچن و بەشێک بن لەو پرۆسەی گواستنەوەیەی بە پێشەنگیی ئەمەریکا دەستیپێکرد.

تاڵیبان لە ساڵی 2001دا لە دەسەڵات لادرا و بەر لە دوو هەفتە دەسەڵاتی گرتەوە دەست.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ئەمەریکا زیاتر لە 122 هەزار کەسی لە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە گواستۆتەوە، سبەی سێشەممە ئەم پرۆسەی گواستنەوەیە بە فەرمی کۆتایی پێدێت کاتێک دوا سەربازی ئەمەریکایی لەسەرجەم ئەو هەزاران سەربازەی لەوێن دەکشێنەوە.

لە ئێستادا هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا بەشێوەیەکی سەرەکی سەنگییان خستۆتە سەر گواستنەوەی خۆیان و دیپلۆماتانی ئەمەریکاییش.

دەوڵەتی ئیسلامی-خۆراسان، ڕکابەری تاڵیبانە و مەترسییەکی گەورەی بۆ کشانەوەکە هێناوەتە ئاراوە پاش ئەو هێرشە خۆکوژییەی هەفتەی ڕابردوو لە دەرەوەی فڕۆکەخانەکەی کابوڵدا کردی و زیاتر لە 100 کەسی تیادا کوژران و 13 لە کوژراوەکانیش سەربازی ئەمەریکایی بوون.

لەگەڵ ئەوەشدا کە کشانەوەی سەربازەکانی ئەمەریکا بەرەو کۆتایی دەڕوات، بەڵان جۆن کێربی، وتەبێژی پەنتاگۆن بە پەیامنێرانی ڕاگەیاندووە "بەتایبەتی ئێستا کاتێکی مەترسیدارە."
کێربی دەڵێت "ئەو مەترسیانەی هەن ڕاستەقینەن و لە ئارادان و زۆربەشیان دیاریکراون."

XS
SM
MD
LG