Accessibility links

داعشی خۆراسان بەرپرسیارە لە هێرشە موشەکییەکەی فڕۆکەخانەی کابوڵ


دەوڵەتی ئیسلامی-خۆراسان بەرپرسیارێتی هێرشە موشەکییەکەی کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی ئەفغانستان لە ئەستۆ دەگرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەم رێکخراوەدا هاتووە " سەربازەکانی دەوڵەتی خەلافەت بە 6 موشەک فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی کابوڵیان کردۆتە ئامانج."

ئەم موشەک گرتنە فڕۆکەخانەی کابوڵ هاوکات بووە لەگەڵ هەوڵە چڕوپڕەکانی سەربازەکانی ئەمەریکا بۆ تەواوکردنی کشانەوە لە ئەفغانستان و هەروەها گواستنەوەی هاوپەیمانەکانیش.

سەرۆک جۆو بایدن، ڕۆژی سێشەممەی وەک دوا وادە داناوە بۆ کشانەوەی هەموو هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە درێژخایەنترین شەڕی لەشکریی ئەمەریکا کە لە تۆڵەکردنەوەی هێرشە تێرۆرکارییەکانی یازدەی سەپتێمبەری ساڵی 2001ەوە دەستیپێکرد.

دەوڵەتی ئیسلامی-خۆراسان، ڕکابەری تاڵیبانە و مەترسییەکی گەورەی بۆ کشانەوەکە هێناوەتە ئاراوە پاش ئەو هێرشە خۆکوژییەی هەفتەی ڕابردوو لە دەرەوەی فڕۆکەخانەکەی کابوڵدا کردی و زیاتر لە 100 کەسی تیادا کوژران و 13 لە کوژراوەکانیش سەربازی ئەمەریکایی بوون.

هاوکات ئەمەریکاش دەڵێت، ڕۆژی یەکشەممە هێرشێکی ئاسمانی کردووە لە کابوڵ بۆسەر ئۆتۆمبێلێکی بۆ تەقاندنەوە ئامادە کرابوو.

XS
SM
MD
LG