Accessibility links

قەیرانی دارایی لوبنان کێشەی ئاینزایی دەهێنێتە ئاراوە


ڕیزبەستنی ئۆتۆمبێلەکان لەبەردەم بەنزینخانەکانی لوبناندا
ڕیزبەستنی ئۆتۆمبێلەکان لەبەردەم بەنزینخانەکانی لوبناندا

مشتومڕ لەسەر کەمیی سوتەمەنی بۆتە مایەی وروژاندنی پشێوی ئاینزایی لە نێوان گەڕەک و ناوچە شیعە نشین و سوننە نشین و هەروەهاش گوندە کریستیان نشینەکان لە باشوری لوبناندا.
ئەم پشێوی و نائارامییەی لە ڕۆژانی پشووی هەفتەدا دروست بوون وەهایان کرد لەشکر ناچاربێت هێزەکانی خۆی بنێرێت، وەک سەرچاوەیەکی ئاسایشی وڵاتەکە ڕایدەگەیەنێت.

پێکدادانەکان بە گشتی لەسەر بەنزین و دیزڵ بوون کە بۆتە دیاردەیەکی ڕۆژانەی لوبنان و ئەمەش هەروادێ و نیگەرانییەکان زیاتر دەکەن لەسەر خزانە ناو ئاژاوە و گێرەشێوێنییەوە پاش 2 ساڵ لە داڕمانی دارایی لە لوبناندا.

ئەو سەرچاوە ئاسایشییە بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، نزیکەی 6 کەس بریندارن لەو کێشەیەی لە نێوان گوندی مەغدوشەی کریستیانەکان و عەنکونی شیعە ئاینزاکاندا دروست بوو.

کێشەکەش دوای تۆمارکردنی داوایەکی یاسایی بووە لەلایەن دانیشتوویەکی گوندی مەغدوشەوە پاش ئەوەی ڕۆژی هەینی لە کێشەیەکی هاوشێوەدا لەسەر سوتەمەنی بریندار دەکرێت.

پۆلیس سەردانی عەنکون دەکات بۆ لێکۆڵینەوە کردن، بەڵام وەک سەرچاوە ئاسایشییەکە دەڵێت "گوندنشینەکان ڕێگەکانیان داخست و درەختەکانیشیان سوتاند، ئەمەش وەهای کرد لەشکر بچێتە ناوەوە."

ڕەوشەکە لەمڕۆ دووشەممەدا ئارامە؛ بزووتنەوەی ئەمەل کە ڕێکخراوێکی شیعە ئاینزاکانە و نەبیه بەڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان سەرۆکایەتی ئەم لایەنە شیعەیە دەکات، ناڕەزایی دەربڕیوە لەسەر توندوتیژییەکان و دەڵێت "بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی نییە بەوەی لە مەغدوشە ڕوویداوە."
بەڕی، نکوڵی لەو گوناهبارکردنانە دەکات کە لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا بڵاوکراونەتەوە لەسەری و دەڵێن دەستی هەبووە لەو ڕووداوانەدا.

داڕمانی دارایی لوبنان وەهای کردووە بەهای دراوی وڵاتەکە بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا نەوەت داببەزێت لە ماوەی 2 ساڵدا و زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی لوبنانیش بەهۆی ئەم قەیرانە داراییەوە لە ڕەوشی هەژاریدا دەژین.

ئەم قەیرانە داراییە لەم مانگەدا لوبنانی بردە قۆناغێکی ترەوە هاوکاتی ئەوەی کەمیی سوتەمەنی وەهای کردووە زۆربەی ئەم وڵاتەی سەر دەریای ناوەڕاست ئیفلیج بێت.

شێخ عەبدوللەتیف دریان، موفتی باڵای موسوڵمانە سوننە ئاینزاکانی لوبنان دەڵێت "لوبنان بە ئاڕاستەی ڕوخانێکی تەواوەتیدا دەڕوات ئەگەر بێتوو کار نەکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوە یان ڕاستکردنەوەی ئەم قەیرانە."

کاریگەرییەکانی داڕمانی دارایی لوبنان زیاتر بووە، بەهۆی ئیفلیج بوونی بواری سیاسی وڵاتەکەوە.

حکومەتێکی کاربەڕێکەر وڵاتی لوبنان بەڕێوەدەبات لەوەتای ساڵی پارەوە کە حکومەتی وڵاتەکە دەستی لە کار کێشایەوە پاش تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت.

نەجیب میقاتی، سەرەک وەزیری ڕاسپێردراو، سێهەم کەسایەتی سیاسی وڵاتەکەیە تا حکومەتی نوێ پێکبهێنێت و دەڵێت "تەگەرەی مەترسیدار هەن و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی ئاڵۆزکردووە."

XS
SM
MD
LG