Accessibility links

حکومەتی بەریتانیا ڕەخنەیەکی زۆر و قورسیشی لێدەگیرێت لەسەر ئەفغانستان


سەرەک وەزیری بەریتانیا لە دانیشتنێکی پەرلەماندا لەسەر ئەفغانستان
سەرەک وەزیری بەریتانیا لە دانیشتنێکی پەرلەماندا لەسەر ئەفغانستان

حکومەتی بەریتانیا ڕووبەڕووی زنجیرەیەک ڕەخنە بۆتەوە پاش کۆتاییهاتنی کشانەوە خێراکەی لە ئەفغانستان و جێهێشتنی سەدان کەسی ئامادە بۆ گواستنەوەیان بۆ شوێنی تر.

سەرەک وەزیری بەریتانیا، ستایشی ئەو ئەرکەی هێزەکانی بەریتانیا کردووە و دەڵێت "وەک هیچ شتێکی تر نەبووە کە لە ژیاندا بینیومانە."

ئەم لێدوانەی بۆریس جۆنسن، پاش گواستنەوەی زیاتر لە 15 هەزار کەس بووە لەلایەن بەریتانیاوە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا.

سەربازەکانی بەریتانیا گەڕاونەتەوە بنکەی هێزی ئاسمانی بریز نۆرتۆن لە باشوری بەریتانیا.

لەندەن ناچار بوو بکشێتەوە پاش بڕیارەکەی ئەمەریکای هاوپەیمانی بۆ کۆتاییهێنان بە 20 ساڵەی شەڕی ئەفغانستان.

بەڵام کاربەدەستانی ئێستا و پێشووی بەریتانیا ڕەخنە و ناڕەزاییەکی زۆریان لە شکستی حکومەت گرتووە و ئاماژەش بەوە دەکەن دەکرا هاوڵاتیانی زیاتری ئەفغانستانی ڕزگار بکرانایە.

ڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەر، ئاماژە بە سەرچاوەیەکی نەناسراو دەکات و بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە "هەزاران ئیمەیڵ لە ئەندامانی پەرلەمان و ڕێکخراوە خێرخواییەکانەوە نێردراون بۆ وەزارەتی دەرەوە و تیشک خراوەتە سەر ئەو هاوڵاتییە ئەفغانیانەی مەترسییان لەسەرە لەپاش دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، بەڵام هیچ یەکێک لەو ئیمێڵانە نەخوێندراونەتەوە."

دۆمێنیک ڕاب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، زۆر بە توندی کەوتۆتە بەر ڕەخنەی قورسەوە لەسەر ئەوەی کاتێک تاڵیبان دەست دەگرێت بەسەر ئەفغانستاندا، وەزیری دەرەوە دەستبەجێ نەگەڕاوەتەوە لەو پشووەی لە کەنار دەریا بەسەریدەبرد.

ڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەر دەڵێت بەڵگەیەکی بینیوە سەبارەت بەو ئەژماری ئیمەیڵە فەرمییەی دانراوە لە وەزارەتی دەرەوە بۆ وەرگرتنی داواکان و 5 هەزار ئیمەێڵ کە لە هەفتەی ڕابردوودا نێرداروە بۆ ئەو ئەژمارە، نەکراونەتەوە.

ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوە نەناسراوەکەوە دەڵێت "ناشزانرێت چەند کەس دەشێت بەجێمابن چونکە تەنانەت ئیمەیڵەکانیش نەخوێندراونەتەوە."

لە وەڵامی ئەم ڕەخنانەشدا، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت تیمی قەیرانەکان لە وەزارەتدا شەو و ڕۆژ کاریان کردووە لەسەر ئەو ئیمەیڵ و پەیوەندیە تەلەفونیانەی بۆیان کراون.

ڕۆژنامەی سەندەی تایمز لە زاری وەزیرێکی کابینەی حکومەتەوە "ناوی نەهێنراوە" دەنوسێت دەکرا 800 تا 1000 خەڵکی زیاتر لە ئەفغانستانەوە بگوێزرانایەتەوە.

هەر هەمان وەزیر هێرشێکی ڕەخنەئامێزی کردۆتە سەر وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی و دەڵێت "هیچی نەکردووە" بۆ پێکهێنانی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی سێهەمدا تا ئەفغانستانییەکان لەو وڵاتانەوە بگوێزرێنەوە بۆ بەریتانیا.

وەزارەتی دەرەوەش دەڵێت ڕاب ڕێگەیداوە بە پەیوەندی تەلەفونیی لەگەڵ هاوشانە ئەفغانییەکەیدا بکرێت و هەروەها دەشڵێت لەم ماویەی ڕابردوودا پەیوەندی کردووە بە وەزیری دەرەوەی پاکستانەوە.

XS
SM
MD
LG