Accessibility links

دەسەڵاتدارانی نوێترین وڵاتی جیهان هەڕەشە دەکەن


هێزە ئاسایشییەکان لە شاری جوبا، پایتەختی سودانی باشور لە چاودێریدان و زۆربەی دوکان و بازاڕەکانیش داخراون هاوکاتی ئاگاهیدانەکانی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە.

دەسەڵاتدارانی سودانی باشور ئاگاهییان داوە بەوەی هەر کەسێک بەشداری لە خۆپیشاندانە بەرنامەبۆڕێژکراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی دژە حکومەتدا بکات ئەوا بە توندی سەرکوت دەکرێت.

سودانی باشور، نوێترین وڵاتە لە جیهاندا، لەوەتای ساڵی 2011وە کە سەربەخۆیی وەرگرتووە لە ڕەوشێکی ناسەقامگیردایە و قوڵبوونەوەی ئاستی بێزارییەکانیش، پاڵنەرێک بووە بۆ هاوپەیمانێتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سیڤیل و داواکردنی لە دەسەڵات لاچوونی حکومەت و دەشڵێن "زۆریان بینی و ئیتر بەسە."

وەها دانرابوو خۆپیشاندانەکان لە هەمان ئەو ڕۆژەدا بکرێن کە سالڤا کییر، سەرۆکی سودانی باشور، پەرلەمانی نوێی نیشتمانی وڵاتەکە دەکاتەوە. پەرلەمانی نیشتمانی مەرجی سەرەکی ڕێککەوتنی ئاشتی ساڵی 2018 بوو و ئەم ڕێککەوتنەش کۆتاییهێنا بە شەڕی خوێناوی ئەو وڵاتە.

لەو شەڕەدا نزیکەی 400 هەزار کەس کوژران.

حکومەت ڕێبازێکی توندی گرتۆتەبەر دژی هاوپەیمانێتی گەل بۆ کاری سیڤیلی هەروەهاش دژ بە داوای ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ سەرهەڵدانێکی ئاشتیانەی جەماوەریی؛ وەک ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکان دەکەن دەڵێن، لە بەرامبەریشدا حکومەت بەلانیکەم 8 چالاکوانی دەستگیرکردووە و 3 ڕۆژنامەوانیشی دەستبەسەرکردووە لەم مانگەدا و لە پەیوەندی بە دۆسێی خۆپیشاندانەکانەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕێکخەرانی ئەم ناڕەزایی دەربڕینە داوایان لە خەڵک کردووە بە ژمارەی زۆر بەشداری لە خۆپیشاندانەکەدا بکەن بەڵام دانیشتوان وەک بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، دوو دڵ بوون لەوەی ماڵەکانیان جێبهێڵن.

دەسەڵاتداران خۆپیشاندانەکەیان بە نایاسایی ناودێرکردووە و ئاگاهیشیان داوە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند بەرامبەر هەر کەسێک ئەم قەدەغەکردنە بشکێنێت.

XS
SM
MD
LG