Accessibility links

دەیان کەس دەکوژرێن و بریندارن و لۆمەکەش لە ئەستۆی حوسییەکانە


چەکدارە حوسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران
چەکدارە حوسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران

بەلانیکەم 30 سەربازی سەر بە حکومەتی یەمەن کوژراون لە ئاکامی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر گەورەترین بنکەی ئاسمانی لەو وڵاتەدا.

دەیان کەسی تریش بریندارن، بەپێی لێدوانی سەرچاوە تەندروستییەکان.

کاربەدەستان لۆمەی ئەو هێرشانەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە ئەستۆی سەرهەڵداوانی حوسییە شیعەکان دەنێن کە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانییان دەکات.

هێرشەکان کراونەتە سەر بنکەی ئەلعنەد کە نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە شاری عەدەنەوە دوورە.

سەرکردایەتی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا تا مانگی 3ی ساڵی 2015 لەو بنکە سەربازیەدا بوون بۆ سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی ئەو هێرشانەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکرانە سەر تۆڕە تێرۆرکارییەکەی ئەلقاعیدە.

موحەمەد ئەلنەقیب، وتەبێژی ئەو هێزە لەشکرییەی حکومەتی یەمەن لە باشوری وڵاتەکەدا دەڵێت "زیاتر لە 30 سەرباز کوژراون و بەلانیکەمیش 56 کەسی تریش بریندارن، لە ئاکامی ئەو هێرشانەی حوسییە شیعەکان کردوویانە بە موشەک و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش."

عەبدڕەبۆ مەنسور هادی، سەرۆکی یەمەن پرسە و مەخابنی خۆی دەربڕیوە بۆ کوژراوەکانی ئەو هێرشە و پەیمانیشی داوە، وەک دەڵێت "حوسییەکان باجی ئەو هەموو تاوانانەیان دەدەنەوە کە کردویانە دژ بە گەلی یەمەن."

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، حوسییەکان هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو هێرشانە نەداوە.

دیمەنە ڤیدیۆییەکانی بڵاوکراونەتەوە دەیان خەڵک نیشان دەدەن لە نزیک نەخۆشخانەی شاری لەحج کۆبوونەتەوە و ئامبۆلانسەکانیش دەبینرێن کە کوژراو و بریندارەکانی ئەو هێرشانە دەگوێزنەوە بۆ نەخۆشخانەکە؛ کاربەدەستانی ئەم نەخۆشخانەیە دەڵێن داواکراوە تەواوی ستافی نەخۆشخانەکە ئامادەبن و بچنەوە سەر کار بۆ بەهاناوەچوونی بریندارەکان.

ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنور لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە،11 کەس لە بریندارەکان گەیەندراونەتە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ڕێکخراوەکە لە شاری عەدەن.

XS
SM
MD
LG