Accessibility links

چەند کاتژمێرێک پاش ئاگاهییەکەی سەرۆک بایدن تەقینەوەیەک لە کابوڵ ڕوودەدات


ژمارەیەک چەکداری تاڵیبان لەناو کابوڵ
ژمارەیەک چەکداری تاڵیبان لەناو کابوڵ

تەقینەوەیەک لە کابوڵ پایتەختی ئەفغانستان ڕوودەدات پاش چەند کاتژمێرێک لەو ئاگاهییەی سەرۆک بایدن دابووی سەبارەت بە ئەگەری هێرشێکی تری تێرۆرکاری.

ئەو ئاگاهییەی سەرۆکی ئەمەریکا، پشێوییەکی لەناو پایتەختی ئەفغانستاندا دروست کرد هاوکاتی بەرەو کۆتاییهێنان بە پرۆسەی گواستنەوە لە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە.

ئەم تەقینەوەیەی درەنگانێکی ئەمڕۆ یەکشەممە بە کاتی ئەفغانستان کە گومان دەکرێت هێرشێکی موشەکی بووبێت، لە باکوری کابوڵ ڕوویداوە و کاربەدەستێکی ئاسایشی لە حکومەتە ڕووخاوەکەی پێشووی ئەفغانستان دەڵێت "موشەکێک لە خانویەکی ئەو ناوچەیەی باکوری کابوڵی داوە."

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیاری و وردەکارییەکی زیاتر باس نەکراوە.

دوای هێرشە خۆکوژییەکەی کرایە سەر فڕۆکە خانەی کابوڵ، چەکدارەکانی تاڵیبان، یاوەریی ئەو پاس و ماشێنانەیان دەکرد بۆ دەروازەی سەرەکی فڕۆکەخانەی کابوڵ و لەوێش خەڵکەکەیان دەدایە دەست سەربازەکانی ئەمەریکا تا بگوێزرێنەوە.

بیلال کەریمی، وتەبێژی تاڵیبان لە نوسینێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت " ژمارەیەک لە چەکدارەکانی تاڵیبان هەر لە ئێستاوە چوونەتە ناو چەند شوێنێکی بەشی لەشکریی فڕۆکەخانەکەوە."
ئەم نوسینەی کەریمی، هاوکاتە لەگەڵ جەختکردنەوەی پەنتاگۆن کە هێشتاش هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا کۆنترۆڵی دەروازەکانی فڕۆکەخانەکەی لەدەستدایە.

جۆن کێربی، وتەبێژی پەنتاگۆن دەڵێت "دەستکراوە بە کشاندنەوەی سەربازەکانی ئەمەریکا." بەڵام ناڵێت چەند سەرباز ماونەتەوە.

XS
SM
MD
LG