Accessibility links

ئیسرائیل دوو پێگەی حەماس لە کەرتی غەززە بۆردومان دەکات


هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردۆتە سەر دوو پێگە لە کەرتی غەززە.

لەشکر دەڵێت ئەم هێرشانەی ئەمڕۆ یەکشەممە دوابەدوای پێکدادانی دانیشتوانی غەززە بووە لەگەڵ هێزە ئیسرائیلییەکانی سنوردا و دانیشتوانیش باڵۆنی سوتێنەریان هەڵداوە بۆسەر باشوری وڵاتەکە.

ئەم دواترین تێکچوونەی ڕەوشەکە، هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی میسر و ئیسرائیلدا بۆ هێورکردنەوەی ئەو کۆتوبەندانەی لەسەر بازرگانیکردن و سەردانکردن بۆ غەززە دانرابوون، کە دەکرێت بگوترێت بە گشتی هەردوو وڵات ئەو کۆتوبەندانەیان سەپاندبووە سەر غەززە لە ساڵی 2007ەوە کە حەماس دەستیگرت بەسەر کەرتی غەززەدا.

لەشکری ئیسرائیل دەڵێت "فڕۆکە جەنگییەکان هێرشیان کردۆتە سەر ژمارەیەک باڵەخانەی کە حەماس بۆ دروستکردنی چەک و مەشق و ڕاهێنان بەکاریان دەهێنێت و هەروەها هێرشیشیان کردۆتە سەر دەروازەی تونێلێکی تێرۆریستان بەکاریدەهێنن لە ناوچەی جەبەلیە."

لە ڕاگەیەندراوەکەی لەشکری ئیسرائیلدا هاتووە، ڕووداوەکانی ئەمڕۆ یەکشەممە نیشانەیەکن کە چۆن حەماس درێژە دەدات بە بەکارهێنانی تاکتیکی تێرۆریستانە و خەڵکی سیڤیل دەکاتە ئامانج.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ ڕاپۆرتێک لە کەرتی غەززەوە نەدراوە سەبارەت بە زیانەکانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل.

سەرەک وەزیری ئیسرائیل دەڵێت "فەرمانڕەوایانی حەماسی ئیسلامی لە غەززە بە بەرپرسیار دەزانێت لە هەر ئاڵۆزی و پشێوییەکی ناوچە فەلەستینییەکانەوە."

نافتالی بێنێت، ئەم لێدوانەی لە واشنتۆن داوە هاوکاتی سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا.

بێنیت لەو سەردانەیدا لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆک جۆو بایدن کۆبووەوە.

لەگەڵ گەڕانەوەشیدا بۆ ئیسرائیل، بێنێت بە پەیامنێرانی ڕاگەیاندووە "بڕیار و هەنگاوەکانمان لە غەززە لە خزمەت بەرژەوەندی ئیسرائیلدان."

XS
SM
MD
LG