Accessibility links

ماکرۆن پاش سەردانی موسڵ دەچێتە هەولێر


سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی شاری موسڵی کردووە لە باکوری عێراق کە پێگەی پێشووی جیهادییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بووە لە عێراقدا.

ئەم سەردانەی ئەمڕۆ یەکشەممەی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ شاری موسڵ، یەک ڕۆژ پاش بڕیار و پەیمانەکەیەتی بۆ هێشتنەوەی سەربازە فەڕەنساییەکان لە عێراقدا.

سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی کڵێسای گەورەی شارەکەی کرد و لەوێش داوای لە پێکهاتە ئاینییەکانی وڵاتەکە کرد تا "پێکەوە کار بکەن و وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە."
ماکرۆن دەڵێت "کونسوڵخانەی فەڕەنسا و خوێندنگا دەکەینەوە."
ئەم پەیمانەی سەرۆکی فەڕەنسا هاوکاتی ڕەخنەگرتنیش بووە لەوەی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شارەکە زۆر خاوە.

ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی دوا شەڕەکانی خۆی لەو شارەدا کردبوو. ساڵی 2017 پاش 3 ساڵ لە دەستبەسەرداگرتنی شاری موسڵ لەلایەن داعشەوە، شارەکە ڕزگارکرا.

ئیمانوێل ماکرۆن، لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی ڕۆژی شەممەی بەغدادا پەیمانی هێشتنەوەی سەربازەکانی فەڕەنسای دا بە عێراقییەکان.

لەو کۆبوونەوە لوتکەییەدا، بە گشتی سەنگیی خرابووە سەر شەڕی دژی تێرۆریزم و دەستبەسەردا گرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە هاوکاتی کشانەوەی ئەمەریکا.

لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لە بەغدا، ماکرۆن بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند "بڕیاری ئەمەریکا هەرچۆنێک بێت، ئێمە مانەوەی خۆمان لە عێراق درێژدەکەینەوە بۆ شەڕی دژی تێرۆریزم."
هاوکاتی سەردانەکەیشی بۆ شاری موسڵ، ماکرۆن سەردانی مزگەوتی "ئەلنوری" کرد، ئەو مزگەوتەی ئەبوبەکر ئەلبەغدادی، دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتی تیادا ڕاگەیاند.

ڕۆژی هەینی، سەرۆکی فەڕەنسا بە یاوەریی سەرەک وەزیری عێراق سەردانی مەزارگەی ئیمام موسا ئەلکازمی کرد لە گەڕەکی کازمییەی بەغدا. ئەو مەزارە شوێنێکی پیرۆزی شیعە ئاینزاکانە.

هەر ئەمڕۆش یەکشەممە، سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ هێزە تایبەتەکانی فەڕەنسادا، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمەکە و هەروەها دواتریش لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمدا کۆدەبێتەوە.

ماکرۆن بڕیارە لەگەڵ کەسوکاری ژمارەیەک پێشمەرگەشدا کۆببێتەوە کە لە شەڕی دژی تێرۆریزمدا گیانیان لەدەستداوە، وەک ڕێزلێنانێک بۆ بەشداری کورد لە شەڕی دژی جیهادییەکاندا.

XS
SM
MD
LG