Accessibility links

کێشەکانی نێو یەکێتی نیشتیمانی بەهەڵواسراوی ماونەتەوە


کێشەی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی هێشتا بەهەڵواسراوی ماوەتەوە و هەردوو هاوسەرۆک پێداگرن لەسەر خواستەکانیان، سەرجەم نێوەنگیریەکانیش تا ئێستا شکستیان هێناوە، هەردووکیشیان چاویان لەسەر یەکلایی کردنەوەی کێشەکانیانە لەڕێگەی کۆمیتەی سەرکردایەتیەوە.

سەرەتای تەقینەوەی کێشەکانی نێو یەکێتی نیشتیمانی دەگەڕێتەوە بۆ شەوی 8 ی تەموز، کاتێک بافڵ تاڵەبانی بێ ڕەزامەندی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی هەردوو دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی و دواتر یەکتر تۆمەتبار کردنی بەدواداهات، تا کار گەیشتە ئەوەی لاهور شێخ جەنگی دەستبەرداری دەسەڵاتەکانیشی بوو.

کێشمەکێشی ئێستای نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی لەسەر مانەوە و چوونە دەرەوەی وڵاتە، کە بافڵ تاڵەبانی داوای بەجێهێشتنی کوردستان لە لاهور شێخ جەنگی دەکات، بەڵام ناوبراو تا ئێستا سوورە لەسەر مانەوە لەهەرێم و ئەو داواکاریە ڕەتدەکاتەوە.

ڕزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی لەبارەی کێشەی نێوان هاوسەرۆکانی حیزبەکەیەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی کراوە و ڕای جیا هەیە، دوا بڕیار لای مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیە، بەڵام هەوڵەکان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی یەکێتین."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، هێشتا بافڵ تاڵەبانی پێداگیرە لەسەر چوونە دەرەوەی لاهور شێخ جەنگی و ناوبراویش چوونە دەرەوە ڕەتدەکاتەوە، بۆیە هێشتا کێشەکان بە هەڵواسراوی ماونەتەوە، تائێستا هیچ دەرەچەیەکیش بۆ چارەسەرکردن نەدۆزراوەتەوە.

لاهور شێخ جەنگی گەشبینە بەوەی گەر کۆمیتەی سەرکردایەتی کۆبوویەوە، بڕیارەکانی بەشێوەیەک بن، ببنە هۆی هێورکردنەوەی دۆخەکە و مانەوەی لە نێو یەکێتیدا، لەکاتێکدا بافڵ تاڵەبانی سەرقاڵی دروستکردنی ڕای زۆرینەیە لەنێو سەرکردایەتی، تا بڕیارەکانی بکاتە بڕیاری حیزبی و دۆخەکە یەکلایی بکاتەوە.

بەڵام ڕزگار حاجی حەمە، پێیوایە یەکێتی توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەیە، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا، هەموویان پێکەوە بەشداردەبن و هەوڵی سەرخستنی لیستی حیزبەکەیان دەدەن.

هێشتا ماڵ لاهور شێخ جەنگی ژمارەیەک چەکداری تێدایە و بەشێکیان بەردەوام دەمێننەوە ، لەبەرامبەردا، بافڵ تاڵەبانیش پێداگیرە لەسەر جێبەجێکردنی خواستەکانی، بۆیە ئەمەش وا لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، هێشتا ئاڵۆزیەکانی نێو ئەو حیزبە نەگەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و گرفتەکان چارەسەریان بۆ نەدۆزراوەتەوە.

گرفت و کێشمەکێشی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی، لەکاتێکدایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەنها مانگ و نیوێکی ماوە، بۆیە بەڕای چاودێران، ئەم گرفتانە کاریگەریان لەسەر دەنگدەری یەکێتی دەبێت لەڕووی دەروونیەوە.

بەڵام ڕزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، ئاماژەی بەوەکرد حیزبەکەی ئامادەکاری تەواوی بۆ هەڵبژاردن کردووە و هەموو دام و دەزگاکانیان بەسەر میحوەرەکاندا دابەشبوون، وتی"هەوڵ بۆ ئەوەیە یەکێتی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت."

جەختیشیکردەوە"یەکێتی هێزێکی کاریگەرە و خاوەنی 23 هەزار شەهیدە، تەنها خۆشیان نین، بەڵکو لەگەڵ گۆڕان پێکەوەن، بۆیە کورسی زیاتریش بەدەست دەهێنن."

بەرپرسەکەی یەکێتی، ڕەتیشیکردەوە دەستبەرداری پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بن، وەکو یەکێتی، وتی"یەکێتی داکۆکی لەوە دەکات، پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد بێت و لەنێو کوردیش بۆ یەکێتی بێت."

XS
SM
MD
LG