Accessibility links

سەرۆکی بەندیخانەکانی ئێران دان بەو ئەشکەنجانانەدا دەنێت کە لە زیندانی ئەوین ڕوویانداوە


لە دانپێدانانێکی دەگمەنی دەسەڵاتدارانی ئێران، سەرۆکی گرتووخانەکانی ئەو وڵاتە داوای لێبوردنی لە "ڕەفتارە ناپەسەندەکان" کرد کە لە زیندانی ئەوینی تاران ڕوویان داوە.

دانپیانانەش دوای ئەوە بوو کە گروپێکی سایبەری بە ناوی 'عەدالەتی عەلی' چەند ڕۆژ پێش ئیستا لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیووە، باسیان لە هاککردنی کامێرا ئەمنییەکانی زیندانی ئەوین کرد.

یەکەم ڤیدیوی کە لەلایەن ئەم گرووپەوە بڵاو بوویەوە، ڤیدیۆیەکی چەند چرکەیی بوو کە تیایدا ژووری کۆنتڕۆڵکردنی زیندانی ئەوین دەبینرا کە لەسەر مۆنیتۆرەکانی ڕستەیەک لەلایەن هاککرانەوە نووسرابوو بەم شێوەیە "زیندانی ئەوین پەڵەیەکی بێ ئابوڕووە لەسەر مێزەرە ڕەشەکەی ڕەئیسی و ڕیشە سپییەکەی! ناڕەزایی دەربڕینی جەماوەری تا ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی!".

ڤیدیۆکانی زینای ئەوین
please wait

No media source currently available

0:00 0:01:34 0:00

ژمارەیەک لەو ڤیدۆی چاودێرییانە،کە تیایدا بەشەکانی ناو زیندان و ژووری تاکەکەسی و دۆخی خراپی زیندانەکە و هەروەها هەڵسوکەوتی خراپ و توندوتیژی بەرپرسانی ئەو زیندانەی لەگەڵ زیندانییەکان پیشان دەدا.

گرووپی عەدالەتی عەلی دەڵێت دەیەوێت کاری ڕۆژنامەوان زارا کازێمی، کە لە کاتی دەستبەسەربوونیدا لە زیندانی ئێران کوژرا، بگەیەنێتە ئەنجام و پیشانی جیهانی بدات کە لە یەکێک لە ترسناکترین شوێنەکانی ڕژێمی ئێران چی ڕوودەدات.

لەو چوارچێوەیەدا گروپێک بەناونیشانی ' تەپەندەگان' چەند ڕۆژ پێش ئیستا لە پەیامێکی ئەلیکترۆنیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە گروپی 'عەدالەتی عەلی' بۆ دەرخستنی ناڕەزایی خۆی و ئاشکراکردنی ئەو زوڵم و ستەمەی ڕووبەڕووی زیندانیانی سیاسی دەبێتەوە، کامێراکانی زیندانی ئەوینی هاککردەوە و دەستی گەیشتوە بە هەندێ بەڵگە، لەوانە وێنەی بەند و ژوورەکانی تاکەکەسی ناو زیندان و فایلی زیندانیانی سیاسی و بەڵگە نهێنییەکانی تری ناو زیندانی ئەوین.

گروپی تەپەندەگان لە ئیمەیڵەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتویەتی "ئێمە لەڕێگای ئەم ئاشکراکردنانەوە بە ڕەئیسی، سەرۆکی ئێران دەڵێین کە بەردەوام دەبین لە ناڕەزاییەکانمان و بەردەوام دەبین لە ئاشکراکردنی ئەو زوڵم و ستەمەی کە خۆی و ڕژێم بەرامبەر بە خەڵک دەیکەن."

دوای چەند ڕۆژ لەبێدەنگی دەسەڵاتدارانی ئێران لەو بارەیەوە لە کۆتاییدا دوای سێ ڕۆژ لە بڵاوبونەوەی وێنە و ڤیدیۆکان، سەرۆکی ڕێکخراوی زیندانەکانی ئێران لە تویتەر ڕایگەیاند کە بەرپرسیارێتی ئەو ڕەفتارە ناپەسەندانەی لە زیندانی ئەویندا کراوە، دەیگرێتە ئەستۆ و داوای لێبوردن دەکات.

سەرۆکی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەم هەفتەیەدا فەرمانی داوە بە داواکاری گشتی کە بەدواداچوون بۆ ئەو ڕەفتارە خراپانەی بەرامبەر بە زیندانیانی ئەوین کراون بکات.

ئاژانسی هەواڵی فارس کە نزیکە لە سوپای پاسداران لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوی کردوەتەوە دەڵێت سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری داوای لە داواکاری گشتی کردوە کە بەپێی ئەو هەواڵ و وێنانەی کە لە هەندێک لە میدیاکاندا سەبارەت بە زیندانی ئەوین بڵاو کراونەتەوە، بەپەلە بەدواداچوونی بۆ بکات و ئەنجامەکەی پێ ڕابگەیەنێت.

هەواڵی هاککردنی کامێراکانی زیندانی ئەوین و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیوی ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر بە زیندانیان دەکرێت، لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتەکاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان دەنگی داوەتەوە.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەدوای بڵاو بوونەوەی ڤیدیوکانی زیندانی ئەوین لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت "ڤیدیوکان دەرخەری هەڵسوکەوتی ترسناکن لەگەڵ زیندانیاندا و هەروەگا دەرخەری پارێزبەندی ئەو بەرپرسانەی ناو زیندان کە بە بێ گوێدان بە هیچ شتێک، زیندانیان رووبەڕووی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی دەکەنەوە."

هەر لەم بارەشەوە، نوسینگەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و کاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کاردانەوە هەبوو بەرامبەر بەو هەڵسوکەوتە توندوتیژانەی بەرامبەر بە زیندانیانی ئەوین کراوە.

پەیامەکە کە ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت "ئەو ڤیدیۆیانەی بەم دواییانە لە زیندانی بەدناوی ئەوین دزەکراوە،پشتڕاستکرەوەی ئەو شتەیە کە لە مێژە زانراوە و ئەویش ئەشکەنجەی سیستماتیکە لە زیندانەکانی ئێراندا."

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG