Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: هەڵبژاردنی عێراق لە نێوان بەرداشی بایکۆت و بەشداریدا


سەرەک وەزیری عێراق لە دیدار و کۆبوونەوەکانیدا جەخت دەکاتەوە لەوەی هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی عێراق لە ڕۆژی 10ی مانگی 10ی ئەمساڵدا وەک بڕیاری لێدرابوو دەکرێت و هیچ هۆکارێکیش نییە بۆ دواخستنێکی تری هەڵبژاردن.

لەگەڵ ئەم جەخت کردنەوانەشدا، هێشتا هیچ ئاماژەیەک دەرنەکەوتووە تا بگوترێت، موقتەدا ئەلسەدر، مەلای ڕادیکاڵی شیعە ئاینزاکان، لە بڕیارەکەی خۆی بۆ کشانەوە لە هەڵبژاردن پەشیمان بۆتەوە.

هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ لە بەغداوە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش ئاماژە بە هەندێک لێدوانی موقتەدا ئەلسەدر دەکەن و وەک دەڵێن جۆرێکە لە ئاگاهیدان بە لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکە.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن گوایە موقتەدا وتوویەتی "ئەگەر هەڵبژاردن بەبێ لایەنی سەدر بکرێت ئەوا دواتر بەرەنجامە خراپەکانی دەبینرێن."

بەشێکی تری سەرچاوەکانیش باس لە قایل بوونی سەدر دەکەن بەو مەرجەی هەڵبژاردن دوابخرێت بۆ مانگی 4ی ئایندە.

هەرچۆنێک بێت نەک هەر لایەنی سەدر، ژمارەیەک لایەنی تریش ڕایانگەیاندووە بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن، لەوانە؛ حزبی شیوعی عێراق، بەرەی دیالۆگی نیشتمانی عێراق، هاوپەیمانێتی نیشتمانی عێراق و چەند لایەنێکی بچوکی تریش.


میوانی بەرنامە:

دکتۆر کاروان حەمەساڵح، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی

لایەنە شیعەکان لە هەوڵێکی چڕ و پڕدان تا سەدرییەکان بگەڕێننەوە بۆ پرۆسەی سیاسی وڵاتەکە و هەروەهاش بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەی مانگی 10دا.

هەوڵەکان گەیشتوونەتە ئاستی فشارکردن لە سەدر، وەک ژمارەیەک لەو لایەنانەی شیعەکان دەڵێن، ئامادەن بەبێ لایەنی سەدرییەکان بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن و حکومەتی نوێش پێکبهێنن؛ هەروەها دەشڵێن یان ئەوەتا سەدرییەکان تا کۆتایی و بەبێدەنگی بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن، یانیش بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەخت بگەڕێنەوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا.

حەیدەر ئەلعەبادی، سەرەک وەزیری پێشووی عێراق، یەکێکە لەوانەی داوای دیالۆگ دەکات لەگەڵ موقتەدا، بە مەبەستی گەڕانەوەی بۆ هەڵبژاردن؛ کەسایەتی تری سیاسیش هەن و ڕایان وایە پرۆسەی سیاسی عێراق بەبێ بەشداری سەدر، پرۆسەیەکی لەرزۆک و ناتەواوە.

نوری ئەلمالیکی، سەرەک وەزیری پێشووی عێراق، ئەو مەترسیانەی هەن لەسەر هەڵبژاردن بەهۆی بەشدارینەکردنی لایەنەکەی سەدرەوە بە گەورە نازانێت.

مالیکی وەک پێشتر دەگوترا "دوژمن و نەیارە سەرسەختەکەی کوردە" ڕۆژی چوارشەممە بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کۆبۆتەوە و لەو کۆبوونەوەیەشدا دۆسێکانی هەڵبژاردن و هاوپەیمانێتی کردن تەوەری سەرەکی وتووێژەکانیان بووە.

دکتۆر کاروان حەمەساڵح، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی، وەڵامی پرسیارەکانی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:09 0:00


XS
SM
MD
LG