Accessibility links

کۆماری قوبروس پاسپۆرت لە 14 تورکی قوبرس دەسەنێتەوە


دوڕگەی قوبروس دەڵێت کارکردن ڕادەگرێت بە 14 پاسپۆرتی دراون بە کاربەدەستانی تورکی قوبرس لە باکوری جوداوەبووەوەی دوڕگەکەدا، بەهۆی ڕەفتارە شەڕانگێزیەکانیانەوە.

ماریۆس پیلەکانۆس، وتەبێژی حکومەت ناوی هیچ یەکێک لەو کاربەدەستانەی ئاشکرا نەکرد بەڵام دەڵێت "بڕیارەکە پەیوەندی هەیە بە پلانەکانی تورکیا و تورکەکانی قوبرسەوە بۆ کردنەوەی شارۆچکەی چۆڵوهۆڵی ڤارۆشا."

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و ئێرسین تەتەر، ڕێبەری تورکەکانی قوبروس لە مانگی ڕابردوودا ڕایانگەیاند بەشێکی ئەو شارۆچکە هاوینەهەوارییە دەکەنەوە.

شارۆچکەی ڤارۆشا، لە داگیرکردنەکەی ساڵی 1974ی تورکیاوە، چۆڵکراوە.

پیلەکانۆس دەڵێت "کابینەی حکومەت بڕیاری ڕاگرتنی کارکردن و نۆژەن نەکردنەوە و دەرنەکردنی پاسپۆرتی کۆماری قوبروسی داوە بۆ ژمارەیەک خەڵک لەوانەی بەشدارن لە حکومەتی ساختە یانیش ئەندامی ئەو لیژنەیەن بۆ کرانەوەی شارۆچکەی ڤارۆشا پێکهێنراوە."

وتەبێژی حکومەتی قوبروس دەڵێت "ئەو کاربەدەستانە، سەروەری و سەربەخۆیی و سەروەری خاک و ئاسایشی کۆماری قوبروس بنکۆڵ دەکەن."

ئاژانسی فەرمی دەنگوباسی قوبرس دەڵێت کارکردن بە 14 پاسپۆرت ڕادەگیرێت، 10 دانەیان ئەندامی کابینەی حکومەتن و 4 دانەکەی تریش هی ئەندامی لیژنەی ڤارۆشان.

هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە ساڵی 1974دا دەستیان گرت بەسەر یەک لەسەر سێی دوڕگەی قوبروسدا لە باکورەوە، ئەم داگیرکردنەش وەک دەگوترێت وەڵامێک بووە بۆ ئەو کودەتا سەرنەگرتووەی نیقۆسیا بۆ یەکگرتنەوەی دوڕگەکە لەگەڵ یۆناندا.

کۆماری قوبروس، زۆربەی دانیشتوانەکانی یۆنانی قوبروسین و لە ساڵی 2004ەوە ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە و دوو لەسەر سێی دوڕگەکەی لە ژێر دەستدایە.

تورکەکانی قوبروس، دەتوانن ناسنامە و پاسپۆرتی کۆماری قوبروسیان هەبێت، بەمەش ئازادانە ڕێی چوونە ناو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپایان دەبێت.

XS
SM
MD
LG