Accessibility links

قاهیرە بنکەی سنوریی ڕەفەح دادەخات


کاربەدەستان دەڵێن وڵاتی میسر بنکەی سەرەکی چوونە ناو کەرتی غەززەوەی داخستووە لە نێوەندی پشێوی و ئاڵۆزیی لەگەڵ فەرمانڕەوایانی میلیشیاکانی حەماسدا.

ئەم بڕیارەی ئەمڕۆ دووشەممە بۆ داخستنی بنکەی ڕەفەح، بۆ یەکەم جارە لەوەتای سەرەتای ساڵەوە.

قاهیرە ئەو بنکە سنورییەی بە کراوەیی هێشتەوە هاوکاتی شەڕە یازدە ڕۆژییەکەی مانگی 5ی نێوان حەماس و ئیسرائیل.

کاربەدەستان دەڵێن ئەم هەنگاوەی قاهیرە پەیوەندی هەیە بە هەوڵەکانی میسرەوە بۆ ناوبژیکردن بە مەبەستی هێنانە ئارای ئاگربەستێکی درێژخایەن لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا.
هێشتا ئاشکرا نییە ئەم داخستنەی سنور لەگەڵ کەرتی غەززەی فەلەستینییەکاندا چەندێک دەخایەنێت.

ساڵانێکە وڵاتی میسر ڕۆڵی ناوبژیکارێکی سەرەکی هەیە لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا.

یەکێک لە کاربەدەستان دەڵێت ئەم هەنگاوەی میسر "بە مەبەستی فشار خستنە سەر حەماسە بەهۆی ئەو جیاوازیانەی لە نێوان قاهیرە و ئەو ڕێکخراوە میلیشیاییەدا هەیە لەسەر نەبوونی بەرەوپێشچوون لە دوو بواردا؛ یەکەمیان پەیوەندی هەیە بە ووتووێژە ناڕاستەوخۆکانی میسر و ئیسرائیلەوە و دووهەمیشیان پەیوەندی هەیە بەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ ئاشتبوونەوەی لایەنە فەلەستینییەکان."

ئەو کاربەدەستانە بەو مەرجەی ناویان نەهێنرێت لێدوانیان داوە بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسیۆسێتد پرێس چونکە وەک دەڵێن دەسەڵاتیان نەدراوەتێ تا لێدوان بدەن بە پەیامنێران.

XS
SM
MD
LG