Accessibility links

لە دەروازەیەکی فڕۆکەخانەی کابوڵ سەربازێکی ئەفغانستانی دەکوژرێت


کاربەدەستانی ئەڵمانیایی دەڵێن لە ئاکامی شەڕە تەقەیەک لە یەکێک لە دەروازەکانی فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی کابوڵ، بەلانیکەم یەک سەربازی ئەفغانستانی کوژراوە.

ئەم ڕووداوەی زوویەکی ئەمڕۆ دووشەممە، دواترین ئاژاوەگێڕی بووە لەبەردەم هەوڵەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بۆ گواستنەوەی ئەوانەی لەدەست فەرمانڕەوایەتی تاڵیبان ڕادەکەن.

ئەم ڕووداوی تەقەکردنەش لە فڕۆکەخانەکەدا، هاوکاتە لەگەڵ ناردنی چەکدارەکانی تاڵیبان بۆ ناوچەکانی باکوری کابوڵ پایتەختی وڵاتەکە بۆ لەناوبردنی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوە.

هێزە ئاسایشییەکانی ئەفغانستان لە بەرامبەر پێشڕەوییەکانی تاڵیباندا شکستیان هێنا وێڕای ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ 20 ساڵ یارمەتی و کۆمەکیان دەکردن و مەشق و ڕاهێنانیشیان پێدەکردن.

لەو کاتەشەوە دەیان هەزار هاوڵاتی ئەفغانستانی هەوڵی جێهێشتنی وڵاتەکەیان دەدەن و ترس و نیگەرانییان لەوەیە فەرمانڕەوایەتی دڕندانە و خوێنڕێژانەی تاڵیبان بگەڕێتەوە، هاوشێوەی ساڵانی 1996 بۆ 2001 کە تاڵیبان فەرمانڕەوای ئەفغانستان بوو. ئەم ترس و نیگەرانیانەش بوونە هۆکاری ئاژاوە و بێسەروبەریی لە فڕۆکەخانەی کابوڵ، کە بە دەروازەی سەرەکی چوونە دەرەوی ئەفغانستان دادەنرێت.

شەڕە تەقە لە نزیک یەکێک لە دەروازەکانی فڕۆکەخانەکەوە ڕوویدا، لەو جێیەی ڕۆژی یەکشەممە 7 هاوڵاتی ئەفغانی گیانیان لەدەستدا، کاتێک ترس و تۆقین بووە هۆکاری شڵەژان و ژێر دەست و پێوەبوونی خەڵک.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری تەقەکردنەکەی زوویەکی ئەمڕۆ دووشەممە نەزانراوە.

لەشکری ئەڵمانیایی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە "سەربازێکی لەشکری ئەفغانستان کوژراوە و 3 سەربازی تریش بریندارن لە ئاکامی تەقەکردنی ژمارەیەک هێرشبەری نەناسراوەوە."

بەڵام ڕێکخراوی ئیمێرجینسی، کە ڕێکخراوێکی ئیتالیاییە و سەرپەرشتی ژمارەیەک بنکەی تەندروستی دەکات لەو وڵاتەدا، دەڵێت 6 برینداری چارەسەر کردووە لە بریندارەکانی ڕووداوی تەقەکردنەکەی فڕۆکەخانەی کابوڵ و دەشڵێت هیچ یەکێک لە بریندارەکان مەترسی لەسەر ژیانیان نەبووە.

لەشکری ئەمەریکایی و هەروەها ناتۆ، تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لێدوانێکیان لەسەر تەقەکردنەکە نەداوە.

هیچ تێبینی و ڕاگەیەندراوێکیش لەلایەن تاڵیبانەوە نەدراوە.

XS
SM
MD
LG