Accessibility links

بەریتانیا: بڕیاری یەکلاکەرەوە لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی 7دا لای تاڵیبانە


بەریتانیا دەڵێت لە کۆبوونەوە لوتکەییە ڤیدیۆییەکەی وڵاتانی کۆمەڵەی 7دا داوا لە ئەمەریکا دەکات تا ئەو وادەی یەک مانگەی دانراوە بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی بیانی و هاوکارە ئەفغانییەکانیان لە کابوڵەوە،درێژ بکرێتەوە.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی 31ی مانگی هەشتی وەک دوا وادە داناوە بۆ ئەو گواستنەوەیە لە ڕێی ئەو پردە ئاسمانییەی هەزاران سەربازی ئەمەریکا دروستیانکردووە، بەڵام ئەگەری درێژکردنەوەیەی ئەو دوا وادەیەی بە کراوەیی هێشتۆتەوە ئەگەر پێویست بکات.

جەیمس هیپی، وەزیری کاروباری لەشکر و کاربەدەستانی تریش بە میدیای بەریتانیایان ڕاگەیاندووە، هەوڵ بۆ درێژکردنەوەی ئەو وادەیە دەدەن لە کۆبوونەوەکەی سبەی سێشەممەی ڕێبەرانی وڵاتە دەوڵەمەندەکان کە بە کۆمەڵەی 7 ناسراون، هەروەها دانیشیان ناوە بەوەی تاڵیبان لەم دۆسێیەدا قسەی یەکلاکەرەوەی دەبێت.

هیپی لە لێدوانێکدا بۆ سکای نیوز، وەک ئاماژەیەک بە درێژکردنەوەی ئەو وادەیە،دەڵێت "ئەگەر و نەگەری قەناعەت پێکردنی ئەمەریکا بۆ مانەوە، دۆسێیەکە تایبەتە بە بۆریس جۆنسن، سەرەک وەزیر لە کۆبوونەوەکەی سبەی سێشەممەی کۆمەڵەی 7دا."

بەریتانیا و کەنەدا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتالیا و ژاپۆن و ئەمەریکا، کۆمەڵەی 7 پێکدەهێنن و لە ئێستادا لەندەن سەرۆکایەیەتی ئەم کۆمەڵەیە دەکات.

وەزیری کاروباری لەشکریی لە بەریتانیا لە لێدوانەکانی ئەمڕۆ دووشەمەیشیدا، ئاماژەی بەوەش کردووە وەک دەڵێت "پێموایە پێویستە بەلای هەمووانەوە ڕوون و ئاشکرابێت ئەمە هەر تەنها وتووێژێک نییە لە کۆبوونەوەکەی سبەینێدا لە نێوان ڕێبەرانی کۆمەڵەی 7دا، بەڵکو وتووێژێکە لەگەڵ تاڵیبانیشدا."
هەروها دەشڵێت تاڵیبان بژارەیان هەیە و دەتوانێت هەوڵی بەشداری بدات لەگەڵ کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا و ئەوەش نیشان بدات دەیەوێت ببێتە بەشێک لە سیستەمی نێونەتەوەیی، یانیش دەتوانێت پشتی تێبکات و بڵێت هیچ دەرفەتێک بۆ درێژکردنەوەی ئەو وادەیە نییە.

XS
SM
MD
LG