Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: مەحمود نەجمەدین


ئەو کاتەی نوسەرێک دەست دەکات بە بیرکردنەوە لە چنینی درامایی ڕۆمانەکەی، تاووتوێیەکی وردی پەیوەندییەکانی خودی خۆی دەکات بە دەوروبەریەوە، شەنوکەوێکی فراوانی ڕووداوەکان و لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوانە دەکات و بە دیدێکی زیرەکانەوە و جیاوازیش لە دیدەکانی تر، هەڵسەنگاندن بۆ مێژووی کۆن و نوێ دەکات هەر هیچ نەبێت لەو کۆمەڵگەیەی تیایدا دەژی تا بتوانێت پردێکی تۆکمەی متمانە لە نێوان ڕۆمانەکەی و خوێنەریدا دروست بکات.

بەرگی نوێترین ڕۆمانی مەحمود نەجمەدین
بەرگی نوێترین ڕۆمانی مەحمود نەجمەدین

کەم نین ئەو ڕۆماننوسانەی کورد کە سنورەکانی ڕووداوگەلێک تێکدەشکێنن و لە ڕۆمانەکانیاندا هێندەی ئەوەی بتوانن خوێندنەوەیەک دەکەن بۆ ڕەهەندەکانی سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژی و مێژوو و جوگرافیا و هەروەهاش باسکردنی ئەو ململانێ گەورانەی لە نێوان جەمسەرەکاندا هەن لەم دنیا جەجاڵەدا، نە هەر ئەوەندە؛ هەندێک جاریش ئەوەمان بینیوە لە ڕۆمانەکاندا ئەگەر کەمیش بووبێت بەڵام خۆ لە قەرەی دۆسێ هەستیارەکانی نێوان نەتەوەکان "نەتەوەی سەردەست و نەتەوەی بندەست" دراوە و هەر ڕۆماننوسە لە دیدگای خۆیەوە و لە ڕێی کاراکتەرەکانیەوە باسمان لە ڕەوشی ئەرێنی و نەرێنی ئەو بابەتە بۆ دەکات.

نکوڵی ناکرێت لەوەی ڕۆمان وەک ژانرێکی گرنگ و نوێ لە ئەدەبی کوردیدا کرانەوە و گەشەکردنێکی گەورەی بە خۆوە بینیوە و پەیوەندییەکی بەهێز دروستکراوە لە نێوان ڕۆمان و زانستە مرۆییەکاندا و بەتایبەتیش مێژوو. وەک زۆرێک لە ڕەخنەگران ئاماژەی پێدەکەن، هاتنە ئارای ڕۆمانی مێژوویی ڕاستەخۆ دەبەسترێتەوە بە شوناسی نەتەوە و لەوێشەوە دەکرێت خوێندنەوەی جیاواز بکرێت بۆ بوارەکانی هزر و کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسی کۆمەڵگە بە گشتی و تاکەکانی کۆمەڵگەش بە تایبەتی.


مەحمود نەجمەدین، یەکێکە لەو ڕۆماننوس و چیرۆکنوسانەی نایەوێت بە ناوی نوێگەرایی و تایبەتمەندێتییەوە تێکستەکانی پڕ بکات لە نوسین و دەستەواژەی ئاڵۆز، بە پێچەوانەوە ئەم نوسەرەمان دێت لە تێکستەکانیدا یارییەکی هزری و زمانەوانی وەها لەگەڵ خوێنەرانیدا دەکات کە دەیانخاتە بەردەم خوێندنەوە و بیرکردنەوەیەکی فرە ڕەهەندیی و خوێنەر لەو سنورە دیاریکراوەی بۆ چیرۆک داڕێژراوە "دەستپێک، ناوەڕۆک، کۆتایی" دەرباز دەکات و خوێنەر وەها لێدەکات لەگەڵ تێگەیشتنی لە ناوەڕۆکی چیرۆکێکدا ئارەزووی خوێندنەوەی تێکستی زیاتری ئەم نوسەرەمان بکات؛ بە دڵنیاییەوە ئەوەی کۆمەڵە چیرۆکی [دنیا سێ پیتە] ی خوێندبێتەوە هەست بەو ڕاستییە دەکات.

مەحمود نەجمەدین، لە ڕۆمانەکانیشیدا هەر ئاوەهایە و نایەوێت لە فۆرمێکی جێگیردا بمێنێتەوە و لەناو دنیای فەنتازیای خۆیدا دەمانهێنێت و دەمانبات بەبێ ئەوەی هەست بە بێزاری بکەین یان ئەوەی ئاستی چێژ وەرگرتنمان لە تێکستەکانی مەحمود کەم ببێتەوە.

"سەلار خان" نوێترین ڕۆمانی مەحمود نەجمەدینە، پاش "پەنجا و هەشت" و کۆمەڵە چیرۆکەکانی وەک "دنیا سێ پیتە ، پاسەکەی گورون" و بەرهەمەکانی تریشی.

مەحمود نەجمەدین، ڕۆماننوس و چیرۆکنوس، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:32:22 0:00


XS
SM
MD
LG