Accessibility links

7 کەس لە فڕۆکەخانەی کابوڵ گیان لەدەست دەدەن


بڕیارە ڕێبەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی 7 لە کۆبوونەوە ڤیدیۆییەکەیاندا ڕەوشی ئەفغانستان تاووتوێ بکەن.

بۆریس جۆنسن، سەرەک وەزیری بەریتانیا لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا سەبارەت بەو کۆبوونەوە لوتکەییە چاوەڕوانکراوەی ڕۆژی سێشەممەی وڵاتانی کۆمەڵەی 7، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە "گرنگە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پێکەوە کاربکات بۆ دڵنیابوون لە گواستنەوەیەکی پارێزراو و ڕێگەگرتن لە قەیرانی مرۆیی و هەروەهاش پشتیوانی لە گەلی ئەفغانستان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی 20 ساڵی ڕابردوو."

ئەمەریکا و کەنەدا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا و ئیتالیا و ژاپۆن؛ کۆمەڵەی 7 پێکدەهێنن.

هاوکاتی ئامادەکارییەکان بۆ ئەم کۆبوونەوە لوتکەییەی وڵاتانی ئەندامی کۆمەڵەی 7، تاڵیبان ئەمڕۆ یەکشەممە لۆمەی ئەمەریکا دەکات بۆ ئەو بێسەروبەرییەی لە پرۆسەی گواستنەوەی دەیان هەزار کەسی ئەفغانستانی و خەڵکی بیانیدا هەیە لە کابوڵەوە.

ئەم لێدوانەی تاڵیبان یەک هەفتە پاش دەستبەسەرداگرتنی خێرای ئەفغانستانە لەلایەن ئەم ڕێکخراوە توندڕەوە ئیسلامییەوە. کە بووە مایەی سەرسوڕمانی جیهان.

ئەمەریکا ئاگاهیداوە لەسەر مەترسی ئاسایشی و یەکیتی ئەوروپاش داندەنێت بەوەی "ئەستەمە" بتوانرێت هەموو کەسێک بگوێزرێنەوە بەهۆی مەترسییەکانی تاڵیبانەوە.

تاڵیبان پەیمانی داوە فەرمانڕەوایەتی ئێستای میانڕەوانە بێت بە بەراورد لەگەڵ فەرمانڕەوایەتییە خوێناویەکەی لە ساڵی 1996ەوە بۆ 2001.

زۆربەی هاوڵاتیانی ئەفغانستان کە ترس و نیگەرانییەکی زۆریان هەیە لەم فەرمانڕەوایەتییەی تاڵیبان، لە هەوڵی خۆ دەربازکردندان و ئەمەش بۆتە هۆکاری قوڵبوونەوەی زیاتری کارەسات لەناو فڕۆکەخانەی کابوڵدا.

ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی ئەو ژمارە بێشومارەی خەڵک بەڵام هێشتا نەتوانراوە ئەوەی دەیانەوێت بیکەن، بەڕێوەببەن، بەهۆی زۆریی ژمارەی ئەوانەی دەخوازن ئەفغانستان جێبهێڵن.

ئەمیرخان موتەقی، کاربەدەستێکی تاڵیبانە و دەڵێت "ئەمەریکا بەو هەموو هێز و دامەزراوانەی هەیەتی نەیتوانیوە لە فڕۆکەخانەی کابوڵ ئارامی بێنێتە ئاراوە."
موتەقی دەڵێت ئاشتی و ئارامی لە تەواوی ئەفغانستاندا هەیە و تەنها لە فڕۆکەخانەی کابوڵ ئاژاوە و بێسەروبەری ماوە."

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری بەریتانیادا هاتووە "7 کەس گیانیان لەدەستداوە لەناو ئاپۆڕەی ئەو خەڵکەی لەناو فڕۆکەخانەی کابوڵدان." لەو ڕاگرەیەندراوەدا هیچ زانیاری و وردەکارییەکی زیاتر باس نەکراوە.

ڕۆژنامەنوسێک بەبێ ئەوەی ناوی بهێنرێت دەڵێت "بەخت یاوەری بووە کە ئەمڕۆ یەکشەممە گەیشتۆتە فڕۆکەخانەی کابوڵ و لە ڕێشدا بەرەو فڕۆکەخانە خەڵکێکی ئێجگار زۆر هەوكیان دەدا بگەنە فڕۆکەخانەکە و پاسپۆرتەکانیان بەرزکردبووەوە و هاواریان دەکرد و دەپاڕانەوە تکایە لەگەڵ خۆتاندا بمانبەن."

ئەو ڕۆژنامەنوسە بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ژمارەیەک چەکداری تاڵیبان لە ماشێنێکی تردا پێش پاسەکەیان کەوتبوو، کەوتنە تەقەکردن بە ئاسماندا تا بڵاوە بە خەڵکەکە بکەن.

XS
SM
MD
LG