Accessibility links

محەمەد وانی: ئەگەر یەکێتی و پارتی بڕۆن یەکێک نییە کورد بێت و جێگای ئەوان بگرێتەوە، یان حەشدی شەعبی یان داعش دێنەوە


دوای ئەوەی هێزی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کشایەوە تاڵیبان توانی بەئاسانی کۆنترۆڵی ئەو وڵاتە بکات لە ئەنجامی ئەوە ئێستا لەهەرێمی کوردستان لای چاودێران ئەو ترسە پەیدابوە کە ئەگەر هێزی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی وکوردستان و ناوچەکە بکشێتەوە سینارێۆی ئەفغانستان لە هەرێم دووبارە ببێتەوە جا بە سەرهەڵدانەوەی داعش بێت یاخود بەهێرشی هێزی حەشدی شەعبی بۆ سەر هەرێم.

نوسەر و چاودێری سیاسی محەمەد وانی دەڵێت "دوای بیرکردنەوەیکی زۆر لەئەگەری کشانەوەی ئەمەریکا لەهەرێم دەتوانین بڵێن بەڵێ ئەو ئەگەرە هەیە و لای ئەمەریکا زۆر ئاسانە بایبایت لێبکات و هەموو شتێک کۆتاییپێبێت، بێئەوەی پرسیشت پێبکات ئەوەش نابیت ببێتە سەپرایس بۆ کورد چوونکە لێی بینیوە و ئەزموونی تاڵی لەگەڵیدا هەبوە".


لە مانگی حەوت کاتێک سەرۆک بایدن ڕایگەیاند ڕۆڵی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەگۆڕدرێت ئەو جەختی کردەوە لەوەی لەشکری ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاری کردنی عێراق لە شەڕی دژ بە داعش. لەمیانەی وەڵامدانەوەی پرسیارەکاندا لە کۆشكی سپی، بایدن لە پاڵ سەرۆک وەزیری عێراقدا وتی ئەرکی نوێی هێزەکانی ئەمەریکا " پێدانی مەشق و ڕاوێژ و یارمەتیدان دەبێت لە کۆتای هێنان بە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام تاوەکو کۆتای ساڵ چیتر ئەرکی سەربازیی شەڕکردنمان نامێنێت."

لەگفتووگۆکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وانی دەڵێت "دەبێت پلانەکانمان بەشێوەیەک دارێژین کە ئەمەریکا لەناکاو بڵێت بایبای، بۆیە بۆ ئەم مەبەستە دەبێت چەند مەرجێک جێبەجێبکەین، دەبێت هێزی پێشمەرگە ڕێکبخرێت، ئەمەش لەپێش چاکسازیەوە دێت و گرنگە".

هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان بەسەر هێزە سیاسییەکاندا دابەش بوون و ڕەخنەی ئەوەیان لێدەگیرێت کە تا ئێستا نەکراونەتە هێزێکی نیشتمانی، بەڵکو ئەم هێزانە زیاتر ئینتیمایان بۆ حزب و گروپ و بەرپەرسە حزبییەکان هەیە.

هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشەمەرگە دەکاتەوە و تا ئێستا ژمارەیەک لیوای سەر بەو هێزنە یەک خراونەتەوە وموچەی ‌هێزە یەکخراوەکانی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکاوە دابین دەکرێت.

وانی لە وتووێژەکەی لەگەڵدەنگی ئەمەریکا لەم باریەوە پەیامێک ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات" پەیامێکم هەیە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرێز نێچیرڤان بارزانی، دەبێت ئەو بەو کارە هەستێت وهێزی پێشمەرگە یەکبخاتەوە، نابێت ئەو پرسە بکەوێتە دەست فەرماندەکانی خوار ئەوەوە".

بەریز وانی دەشڵێت "دۆخی کورد گەلەک ناسکترو مەترسیداترە لە ئەفغانستان، ئەفغانییەکان وڵات و سەروەرییان هەیە، ئەگەر حکومەت و ئەشرەف غەنی لەوێ بڕوات، تاڵیبان دێتە جێگایان کە ئەوانیش ئەفغانین ، بەڵام ئەگەر یەکێتی و پارتی بڕۆن یەکێک نییە کورد بێت و جێگای ئەوان بگرێتەوە، یان حەشدی شەعبی یان داعش دێنەوە".

جێی ئاماژەیە لە مانگی چواردا ئەمەریکا و عێراق ڕێککەوتن لەسەر گۆڕینی ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا کە لە سەنگی خستنەسەر پێدانی مەشق و ڕۆڵی ڕاوێژکاری و یارمەتیدانی هێزەکانی ئاسایشی عێراق، بەڵام کاتێک دیارینەکرا بۆ گۆڕانکارییەکە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:12:48 0:00
Direct link
XS
SM
MD
LG