Accessibility links

هەسەدە لە ئۆپەراسیۆنێکدا ژمارەیەک چەکدار و هاوکاری داعش دەستگیر دەکات


ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ناسراو بە هەسەدە لە ڕاگەیاندنێکدا ئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی گوندەکانی دەوروبەری ڕەقەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد.

هەسەدە ڕایگەیاند هێزەکانیان 34 کەسیان دەسگیر کردووە، 4 لەوانە ئەندامی داعشن و 30 کەسی تریش هاوکاری شانەکانی داعشیان لەو ناوچەیەدا کردووە.

بە پێی لێدوانەکەی فەرهاد شامی بەرپرسی ئۆفیسی ڕاگەیاندنی ئەو ئۆپەراسیۆنە دوای ئەوەی شانە نووستووەکانی داعش لە ناوچەکە لە هەردوو لایەنی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەققە و گوندەکانی دەوروبەری کەوتە جموجۆڵ، ئەنجامدراوە. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " بەم دواییانە زانیاریمان پێگەیشت لە لە ڕۆژئاوای ڕەققە جموجۆڵی داعش هەیە بە تایبەتی لە نێو کامپە بێسەروبەرەکان کە ژمارەیکی زۆری خەڵکی ناوچەکانی تری سوریا بەتایبەتی خەڵکی تەدمور، پالمێرا، حومس، حەما تەنانەت ئیدلبیشی تێدان. هەندێک لە چەتەکانی داعش تێکەڵ بەو خەڵکە سڤیلە ببوون. ئەلبەتە هەندێک لە خەڵکی کامپەکانیش هاوکاریی داعشیان کردبوو، بۆیە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەم دواییانەی هەسەدە (هێزەکانی سوریای دیموکرات) پێکهات."

بە وتەی هەسەدە، لە ئەنجامی 4 ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەکەیدا 34 کەس دەستگیرکراون، بەڕێز شامی وتی، کە 4 کەس لەوانە ئەندامی داعشنو30 کەسەکەی ترهاوکارییان کردوون " ئێستاش لێکۆڵینەوە بەردەوامە تا بزانین ئەم کەسانە لە کوێوە هاتوون و کێ هاوکاری کردوون."

لە ناوچەکانی ڕەققە، تەپقا و کۆبانێ کە بە هەرێمی فورات ناسراون، لە ساڵی 2019ەوەهێزەکانی هاوپەیمانان تیایدا پاشەکشەیان کردوو و هەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان تەنها زانیاری لەگەڵ هاوپەیماناندا هاوبەش دەکەن بۆ ئەوەی شەڕی شانە نوسوتووەکانی داعش بکەن لەو هەرێمەدا، بەڵام بەبێ پشتیوانی ئاسمانی لەو هەرێمە شەڕ دەکەن.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی هەسەدە فەرهەد شامی دووپاتی کردەوە کە ئەوان لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی 4 چەکداری داعش و 30 کە لە هاوکارانیان، لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان لە پەیوەندیدا بوون " لەم ئۆپەراسیۆنەدا هێزەکانی هاوپەیمانان ڕاستەوخۆ بەشدار نەبوون بەڵام لە دوورەوە چاودێرییان دەکرد و لەگەڵ هەسەدە لە پەیوەندیدابوون."

بە پێی هەسەدە داعش لە دەرەوەی ڕەقە و دەوروبەری چالاکن.

هەسەدە دەشڵێت چەکدارانی داعش توانیویانە ڕێڕەوێک لە لای شارۆچکەی ڕیسافی کە دەکەوێتە باشوری ڕۆژئاوای ڕەقەوە بکەنەوە کە ئەو ناوچەیە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی سوریا وچەکدارانی سەر بە ئێرانە.

هەسەدە دەڵێت چاوپۆشی دەکات لە جموجۆڵەکانی چەکدارانی داعش کاتێک بەرەو چەمی فوراتی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە دێن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:34 0:00


XS
SM
MD
LG