Accessibility links

بنکەیەکی تەندروستی لە شەنگال دەبێتە ئامانجی هێرشێکی ئاسمانی تورکیا


کاربەدەستێکی خۆجێهی و ئەفسەرێکی لەشکری عێراقی ڕایانگەیاندووە فڕۆکەیەکی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە بۆردومانی بنکەیەکی تەندروستی لە شەنگال کردووە.

جێگری قایمقامی شەنگال جەلال خەلەف بیسۆ بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی ڕاگەیاندووە ئەو هێرشە " بە تەواوەتی بنکەیەکی تەندروستی لە شەنگال لەناوبردووە."

ئەو گوتیشی کوژرا و بریندار هەیە بەڵام ژمارەکەی ڕانەگەیاند.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی دەشڵێت کاربەدەستێکی تر گوتویەتی ئەو بۆردومانە لەسێ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێهاتووە.

کاربەدەستێکی باڵای لەشکری عێراقی بە ئاژانسەکەی گوتووە هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممە لەلایەن لەشکری تورکیاوە ئەنجام دراوە.

تورکیا بە شێوەیەکی بەردەوام هێرشەکانی لەو ناوچانە دژ بە چەکدارانی پەکەکە ئەنجام دەدات.

هێرشێکی ئاسمانی تورکیا لە ڕۆژی دووشەممەشدا بەرپرسێکی باڵای ئێزدیی هێزێکی عێراقی کە پەیوەندی بە پەکەکەوە هەیە لەگەڵ دوو هاوکارەکەی کردە ئامانج.

هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممە کاربەدەستێکی هێزەکانی سەر بە پەکەکە، ئەندامی کۆمەڵگەی ئێزیدییەکانیشی بریندار کردووە.

بە وتەی یەکێک لە ئەندامانی هێزەکانی پاراستنی شەنگال (یەپەشە) ئەو کاربەدەستە ڕەوانەی بنکەیەکی تەندروستی لە گوندی سکێنی کراوە بۆ چارەسەرکردن.

XS
SM
MD
LG