Accessibility links

دکتۆر موسەنا ئەمین: پارتی دەیەوێت ئەمجارە لە بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار شکست نەهێنێت


ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەدات لەدوای هەڵبژاردنی داهاتوو، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە ڕەنگە سەدر لەبڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن پاشگەز ببێتەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر موسەنا ئەمین دەڵێت "بچووککردنەوەی بازنەی هەڵبژاردن، خزمەت بە دیموکراسی ناکات، بەڵکو خزمەت بە تایەفەگەری و بنەماڵە و عەشیرەتگەری دەکات، خزمەت بە حیزبە گەورەکان دەکات، کە ڕێکخستن و پارە و چەکیان لایە و دەتوانن پرۆسەی هەڵبژاردن، بە ئاراستەیەکی دیاریکراودا ببەن، دەتوانن زۆربەی کورسیەکان ببەن."

جەختیشیکردەوە "بازنەی بچوک، خزمەت بەو کاندیدانە ناکات، کە لەسەر بنەمای فیکری و زانستی و میهەنی، دەیانەوێ بچنە پەرلەمان."

ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق ڕوونیکردەوە، چالاکوانانی خۆپیشاندانەکانی عێراق بەسەدانیان لێ کوژراوە، هەندێک خواستیش خراوەتە سەر زمانیان، کە خواستەکان هی هەندێک حیزبی سیاسی بوو، کە چاویان بڕیبووە کورسی سەرۆک وەزیرانی عێراق، نەک خواستی چالاکوانان بێت، وتی"هەر ئەو هێزە سیاسیە کە خواستەکانی خستبووە زمانی چالاکوانان، دواتر بەزۆر ئەوانی ناردە ماڵەوە و گۆڕەپانەکانی پێ چۆڵکردن، بەتایبەت دوای هاتنی حکومەتەکەی کازمی و وەرگرتنی پۆست لەلایەن ئەو هێزە سیاسیەوە."

دکتۆر موسەنا ئەمین، ئاشکراشیکرد پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەدات لەدوای هەڵبژاردن، وتی"پارتی توانیویەتی خۆسازی بکات، لەم خولەی پەرلەمان تەجاوزی هەندێک لەو گرێ یانەی کردووە کە لەکاتی ڕیفراندۆم بۆی دروستبوو، نەک ئێستا، بەڵکو پێشتریش دکتۆر فواد حسێن ی بۆ سەرۆک کۆمار کاندید کرد و پشتیوانیکرد."

جەختیشیکردەوە "هەوڵی پارتی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار، تێکچوونی سەرەتاییترین ڕێککەوتنی نێوانیانە لەگەڵ یەکێتی، هەوڵدانە بۆ دروستکردنی واقیعێکی سیاسی جیاواز، هەوڵی پارتی بۆ بردنی سەرۆک کۆمار تازە نیە، پێشتر لەبردنی ئەو پۆستە شکستی هێنا، ڕەنگە ئەمجارە بیەوێ بیبات و شکست نەهێنێت."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر موسەنا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق پێیوابوو، کوتلەی سەدری شێوازێک دەدۆزێتەوە بۆ چۆنیەتی بەشداریکردنی ئەندامەکانی لەهەڵبژاردن دا، چونکە پێشتریش چەندین جار وازهێنانی لە ژیانی سیاسی ڕاگەیاندووە، بەڵام دواتر گەڕاوەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:35 0:00


XS
SM
MD
LG