Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی کارمەندە ئەفغانستانییەکان چڕ دەکاتەوە


وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی سێشەممە کۆنفرانسێکی ڤیدیۆیی دەکەن لەسەر ڕەوشی ئەفغانستان، وەک کاربەدەستان دەڵێن ئەم کۆبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە چڕ و پڕەکانی وڵاتانی ئەوروپادا تا هاوڵاتییەکانی خۆیان لە ئەفغانستان بگوێزنەوە.

وڵاتانی ئەندام و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یەکێتی ئەوروپاش لە برۆکسل، گەرموگوڕانە لە هەوڵی گواستنەوەی کارمەندانی بیانی و ئەفغانستانیدان لە کابوڵەوە لە نێوەندی ئەو مەترسییانەی بۆ تۆڵەکردنەوە هاتونەتە ئاراوە لەپاش ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر وڵاتەکەدا گرتووە.

جۆسیپ بۆریل، بەڕێوەبەری سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەنوسێت "دوابەدوای پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی ئەفغانستان و پاش پەیوەندییەکی چڕ و پڕ لە ڕۆژانی پێشتر و کاتژمێرەکانی پێشوودا، بڕیارم دا سبەی سێشەممە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بکرێت لە ڕێی ڤیدیۆوە سەبارەت بە یەکەم هەڵسەنگاندنی ڕەوشەکە."

بۆریل دەنوسێت "ئەفغانستان لە دوڕیانێکدایە. ئاسایش و باشیی هاوڵاتیانی و هەروەهاش ئاسایشی نێونەتەوەیی ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە."

کاربەدەستانی یەکێتی ئەوروپا داوا لە هەر 27 وڵاتە ئەندامەکەی یەکێتی ئەوروپا دەکەن تا ڤیزا بدەنە ئەو هاوڵاتییە ئەفغانستانیانەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا کاریان کردووە و هەروەهاش بە خێزانەکانیان. ژمارەی ئەوانەی داوای ڤیزایان بۆ کراوە بە نزیکەی 500 کەس مەزەندە کراون.
کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا دەسەڵاتی پێدانی ڤیزای نییە.

دیپلۆمات دەڵێن، وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا پێدەچێت پەیمانی دابینکردنی تەواوەتی ڤیزایان دابێت بۆ ئەوانەی لە ئەفغانستان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا کاریان کردووە، بە هاوڵاتیانی ئەفغانستانیشەوە، بەڵام پرسەکە لەوەدایە لەو ئاژاوەیەی ناو فڕۆکەخانەی کابوڵدا چۆن بگوازرێنەوە.

XS
SM
MD
LG