Accessibility links

5 کەس لە فڕۆکەخانەی کابوڵ گیان لەدەست دەدەن


دیمەنێک لە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە
دیمەنێک لە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە

5 کەس گیانیان لەدەستداوە لە ئاکامی ئاژاوەکانی ناو فڕۆکەخانەی کابوڵ وەک گەواهدەران باسی دەکەن و هێشتا نەزانراوە ئەو 5 کەسە چۆن گیانیان لەدەستداوە.

کاربەدەستێکی ئەمەریکایی دەڵێت سەربازەکان تەقەیان بە ئاسماندا کردووە بۆ دورخستنەوەی ئەو خەڵکەی هەوڵیان دەدا تا بچنە ناو ئەو فڕۆکەیەی دیپلۆماتانی ئەمەریکا و کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکای دەبردە دەرەوەی شاری کابوڵ کە کەوتۆتە دەست تاڵیبان.

گەواهدەرێک کە زیاتر لە 20 کاتژمێر بوو چاوەڕوانی فڕۆکەی دەکرد بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، دیار نییە ئەو 5 کەسە بە گوللە کوژراون یان کەوتوونەتە ژێر دەست و پێوە.

لەو دیمەنە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا بڵاوکراونەتەوە، سیان لە تەرمەکان دەبینرێن کە پێدەچێت لە دەروازەی فڕۆکەخانەکەدا بن و هەندێک لە گەواهدەرانیش دەڵێن 5 تەرمیان بینیوە.

ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز دەڵێت ناتوانێت ئەو دیمەنە ڤیدیۆییانە پشتڕاست بکاتەوە.

ئەم ئاژاوانە لە کاتێکدان کە تاڵیبان ڕایدەگەیەنێت شەڕ کۆتایی پێهاتووە و ڕاگەیەندراوێکیشی بڵاوکردۆتەوە بە مەبەستی هێورکردنەوەی ئەو ڕەوشە ترسناکەی لە شاری کابوڵ دروستبووە هاوکاتی لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵکێشانی هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستان کە ئەمەریکا پشتیوانی دەکردن.
تاڵیبان لە ساڵی 1996ەوە تا ساڵی 2001 فەرمانڕەوای ئەفغانستان بووە.

ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان، ڕۆژی یەکشەممە وڵاتەکەی جێهێشت کاتێک ئیسلامییەکان بەبێ هیچ گرفتێک چوونە ناو کابوڵەوە.

غەنی دەڵێت بۆیە وڵاتەکەی جێهێشتووە تا ڕێ لە خوێنڕشتن بگرێت.

سوهەیل شاهین، وتەبێژی تاڵیبان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەنوسێت "چەکدارەکانی تاڵیبان فرمانی توندیان پێکرابوو تا دەست بۆ هیچ کەسێک نەبەن."

شاهین نوسیبووی "نابێت دەست ببرێت بۆ ژیان و موڵکوماڵ و شکۆی هیچ کەسێک و دەبێت موجاهیدینەکان بیانپارێزن."

XS
SM
MD
LG