Accessibility links

تاڵیبان دەست دەگرێت بەسەر 6 پایتەختی هەرێمەکانی ئەفغانستاندا


تاڵیبان دەستیگرتووە بەسەر 6 پایتەختی هەرێمەکانی ئەفغانستاندا، پاش هێرشەکانی ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەی، لە سەرانسەری باکوری وڵاتەکەدا هاوکاتی هەوڵەکانی حکومەتی ئەفغانستان بۆ بەرپەرچدانەوەی چەکدارەکانی تاڵیبان.

یاخیبووانی تاڵیبان بەبێ شەڕ چوونەتە ناو شاری ئایباک، دوای ئەوەی ڕیش سپییەکانی شارەکە داوایان لە کاربەدەستان کردبوو تا شارەکە لە توندوتیژی زیاتر بپارێزن، پاش چەند هەفتەیەک لەو شەڕانەی لە دەوروبەری شاری ئایباک ڕوویاندابوو؛ وەک سیفەتوڵا سەمەنگانی، جێگری فەرمانڕەوای هەرێمی سەمەنگان دەڵێت "فەرمانڕەوای هەرێمەکە قایل بووە بە کشانەوەی تەواوی هێزەکان لە شارەکە و ئێستاش تاڵیبان بە تەواوەتی دەستی گرتووە بەسەر شارەکەدا."

وتەبێژێکی تاڵیبان دەستبەسەرداگرتنی شاری ئایباک پشڕاست دەکاتەوە.

تاڵیبان دەستیگرتووە بەسەر 5 پایتەختی هەرێمەکاندا لە باکوری ئەفغانستان و ئەمەش مەترسی هێناوەتە ئاراوە سەبارەت بەوەی حکومەت هەروادێ و کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە لە دەستدەدات.

تاڵیبان دەستیشی گرتووە بەسەر شاری زارانی، پایتەختی هەرێمی نیمروز لە باشوری ڕۆژئاوای ئەفغانستان.

زوویەکی ئەمڕۆ دووشەممە، تاڵیبان ڕایگەیاندووە، چەکدارەکانی بە ئاڕاستەی شاری مەزاری شەریفدا دەڕۆن کە گەورەترین شاری باکوری ئەفغانستانە و شوێنێکی گرنگیشە بۆ حکومەتی ئەفغانستان لە ڕووی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکەوە.

پاش دەستبەسەردا گرتنی شارەکانی شەبەرگاهان لە ڕۆژئاوای شاری مەزاری شەریف و کوندوز و تالۆقان لە ڕۆژهەڵاتەوە، تاڵیبان ئەم لێدوانەی داوە.

وتەبێژێکی تاڵیبان دەڵێت چەکدارەکان چوونەتە ناو مەزاری شەریفەوە، بەڵام ژمارەیەک لە دانیشتوانی شارەکە بە تەلەفون ڕایانگەیاندووە، تاڵیبان زیادەڕۆیی دەکات لە لێدوانەکانیدا و شەڕ لە ناوچەکانی دەوروبەر هەیە.

پۆلیس لە هەرێمی باڵخ کە مەزاری شەریف پایتەختەکەیەتی، دەڵێت "دوژمن لەڕێی پڕوپاگەندەکانیەوە هەوڵی چەواشەکردنی ڕای گشتی دەدات و هەوڵی نانەوەی پشێوی دەدات لەناو دانیشتواندا."

XS
SM
MD
LG