Accessibility links

جیهادییەکان بەلانیکەم 40 کەس لە مالی دەکوژن


زیاتر لە 40 کەسی سیڤیل کوژراون لە باکوری مالی، پاش هێرشی جیهادییەکان بۆسەر 3 گوند لە نزیک سنوری نەیجەرەوە، بەپێی لێدوانی ئەمڕۆ دووشەممەی ئەفسەرێکی لەشکر و کاربەدەستانی خۆجێیی.

ئەو ئەفسەرە بەومەرجەی ناوی نەهێنرێت بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە "تێرۆریستان زیاتر لە 40 کەسی سیڤیلیان کوشتووە لە گوندەکانی کارۆو و ئۆوتاگۆونا و داوۆتیگێفت، تێرۆریستان چوونەتە ناو گوندەکانەوە و کۆمەڵکوژی خەڵکەکەیان کردووە."

کاربەدەستێکی خۆجێیش داوای ئەوەی کردووە ناوی نەهێنرێت لەبەر هۆکاری ئاسایشی، دەڵێت "20 کەس لە گوندی کارۆوە کوژراون و 14 کەسیش لە گوندی ئۆوتاگۆونا کوژراون و ئەوانی تریش لە گوندی داوۆتێگیفت کوژراون."

ئەو کاربەدەستە دەشڵێت "هێرشبەرەکان بە سواری ماتۆڕسکیلەوە چوونەتە گوندەکانەوە و گوندنشینەکانیان تووشی واقوڕمان کردووە."

مالی، وڵاتێکی هەژارە و دەکەوێتە ناوجەرگەی ناوچەی ساحلەوە لە ڕۆژئاوای ئافریکا، لە ساڵی 2012وە لە شەڕدایە لەگەڵ جیهادییە یاخیبووەکاندا.

ئەم قەیرانەش لەگەڵ پشێویەکانی باکوری وڵاتەکەدا دەستیپێکردووە و پەرەی سەند بۆ ناوەڕاستی مالی، کە لە ڕووی نەژادییەوە کێشە و ئاڵۆزی تیادابوو و لەوێشەوە بۆ هەردوو وڵاتی نەیجەر و بورکینا فاسۆ، دراوسێکانی مالی.

ڕێکخراوە چەکدارەکانی سەر بە ئەلقاعدە کە بە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناودێر دەکرێن، لە ئێستادا ئاڕاستەی هەڵمەتەکان دەکەن و سەرە تیری ئەم کێشانەن.

هەزاران کەسی سیڤیل و سەربازیش لەم شەڕانەدا کوژراون و هەر بەهۆی ئەو ڕەوشەشەوە سەدان هەزار کەس زێدی خۆیان جێهێشتووە.

XS
SM
MD
LG