Accessibility links

کۆڤالیۆڤ لە تەمەنی 91 ساڵیدا دەمرێت


سێرگیێ کۆڤالیۆڤ، کە یەکێک لە ناودارترین داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ و جودابیری یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو بووە، لە تەمەنی 91 ساڵیدا دەمرێت.

کۆڤالیۆڤ، زانای بایۆلۆژی بووە و دواتر بۆتە یەکێک لە ئەندامە پێشەنگەکانی بزوتنەوەی دیموکراسی لە یەکێتی سۆڤیەتدا.

ئەم جودابیرە زیندانی سیاسی بووە و بەهۆی جموجۆڵەکانیەوە لە ئۆردوگاکانی کارکردندا لە سۆڤیەت هێڵدراوەتەوە و دەستبەسەر بووە.

دوای داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت، سێرگیێ کۆڤالیۆڤ بووە ڕەخنەگرێکی توند لە شەڕی مۆسکۆ لەگەڵ چیچاندا.

لە ساڵی 2000یشدا کاتێک ڤلادمیر پوتن دەسەڵاتی گرتە دەست، کۆڤالیۆڤ ئاگاهی دەدا سەبارەت بە پاشەکشەپێکردنی دیموکراسی.

ئیڤان، کوڕی سێرگیێ کۆڤالیۆڤ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک نوسیویەتی، زوویەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە باوکی لەناو جێگەی خەوتنەکەیدا گیانی سپاردووە.
کۆمەڵەی مێمۆریاڵ، کە ڕێکخراوێکی ڕوسیاییە بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "سێرگیێ کۆڤالیۆڤ، هەمیشە و لە هەموو کاتێکدا بڕوای بە بیرۆکەی مافەکانی مرۆڤ هەبووە، لە شەڕ و ئاشتیدا، لە سیاسەتدا و هەموو ڕۆژەکانی ژیانیشی هەر بەو شێوەیە بووە."

کۆڤالیۆڤ لە سەروەختێکیدا سەرۆکی کۆمەڵەی مێمۆریاڵ بووە.

ئەم ڕێکخراوە کە یەکێکە لە ڕێکخراوە پێشەنگەکان بۆ داکۆکیکردن لە مافەکان و لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕوسیاوە بە "ڕێکخراوێکی بیانی" ناودێر دەکرێت بەپێی یاسایەکی مشتومڕ لەسەر، ئاماژەش بەوە دەکات لە ساڵی 1969وە، کۆڤالیۆڤ، هەڵمەتەکانی بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ دەستپێکردووە.

کۆڤالیۆڤ لە سەروەختی سەرۆکایەتی لێۆنید بریژنێڤ، جودابیربووە و دواتر لە ساڵی 1994دا دەستنیشانکرا بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤ لە سەروەختی سەرۆکایەتی بۆریس یەڵسن.

بەڵام لەو پۆستەی دورخرایەوە بەهۆی ڕەخنە ئاشکرا و بوێرەکانیەوە لەسەر هێرشە خوێناویەکانی ڕوسیا لە قەیرانی چیچاندا.

XS
SM
MD
LG