Accessibility links

عەبدولموتەلیب ڕەفعەت: ئه‌و ئاگره‌ی تورکیا کاریگه‌ری له‌سه‌ر کۆی ژینگەی هه‌موو جیهان ده‌بێت بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە


د.عەبدولموتەلیب ڕەفعەت پسپۆڕی ژینگە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان

عەبدولموتەلیب ڕەفعەت پسپۆڕی ژینگە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان لەموتووێژەدا باسی دۆخی ژینگەی جیهان دەکات پاش ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان بەتایبەت ئاماژە بە کاریگەری ئاگرکەوتنەوەکەی تورکیا دەکات لەسەر ژینگەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا.

"ئێستا جیهان به‌ره‌و ئاقارێکی زۆر خراپ ده‌چێت به‌هۆی گۆڕانکاریه‌کانی که‌شوهه‌واوە "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا دەربارەی گۆڕانکارییە ژینگەییەکانی جیهان ئەو پسپۆڕەی ژینگە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان ڕایگەیاند" ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت ئێستا جیهان به‌ره‌و ئاقارێکی زۆر خراپ ده‌چێت به‌هۆی گۆڕانکاریه‌کانی که‌شوهه‌واوە، به‌تایبه‌تی ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ که‌ هۆکاره‌که‌ی بۆ مرۆڤ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ وە به‌تایبه‌تیش به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی گازه‌ گه‌رمکه‌ره‌وه‌کان وه‌کو دوانه‌ئۆکسیدی کاربۆن و گازی میسان ئه‌مانه‌ هه‌مووی بۆنه‌ته‌ هۆکارێک بۆئه‌وه‌ی گۆڕانکاریه‌کی زۆر گه‌ره‌ له‌ که‌شوهه‌وای جیهاندا دروست بێت، ئه‌و گازه‌ گه‌رمکه‌ره‌وانه‌ هاله‌یه‌کی تازه‌ یان چینێکی تازه‌یان له‌ به‌رگه‌هه‌وا –Atmosphere دروستکردووه‌، ئه‌م چینه‌ واده‌کات گۆڕانکاری زۆر گه‌وره‌ ڕووبدات له‌ تیشکی خۆر وه‌کو پێویست ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌رگه‌ هه‌وا و ئه‌مه‌ واده‌کات پله‌کانی گه‌رمی له‌ جیهاندا به‌رزبێته‌وه‌ ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێکی زۆر خراپه‌ بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی پله‌کانی گه‌رمی له‌ جیهاندا به‌رزبێته‌وه‌، هەروەها ڕێژه‌ و شێوه‌ی دابارین له‌جیهاندا هه‌رهه‌مووی گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هاتووه‌ هه‌ندێکجار له‌ هه‌ندێک وڵاتدا باران بارین له‌ وه‌رزێک ده‌بارێت که‌ وه‌رزی خۆی نه‌بێت، هه‌ندێکجار کاتی بارنبارینه‌که‌ گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هاتووه‌ ته‌نانه‌ت ڕێژه‌ی دابارینیش گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هاتووه‌، ئه‌مانه‌ هه‌رهه‌مووی کاریگه‌ریان له‌سه‌ر جیهاندا دروستکردووه‌ ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و کاریگه‌ریه‌ خراپانه‌ که‌ مرۆڤ به‌کاری ده‌هێنێت."

" ئه‌و ئاگره‌ی تورکیا کاریگه‌ری له‌سه‌ر کۆی ژینگەی هه‌موو جیهان ده‌بێت "

سەبارەت بە کاریگەری ئاگرەکەی تورکیا لەسەر ژینگە؟ د.عەبدولموتەلیب ڕەفعەت وتی" له‌ڕاستیدا ئه‌و ئاگره‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر کۆی هه‌موو جیهان ده‌بێت نه‌ک ته‌نها له‌سه‌ر ناوچه‌یه‌کی دیاریکراو له‌ تورکیا چونکه‌ گۆڕانکاریه‌کانی که‌شوهه‌وا وه‌کو ئاماژه‌م پێکرد په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ ڕێژه‌ی گازه‌ گه‌رمکه‌ره‌وه‌کانه‌وه‌، ئه‌و دارستانانه‌ که‌ ده‌سوتێن هۆکارێکن بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی گازه‌ گه‌رمکه‌ره‌وه‌کان به‌تایبه‌تی گازی دووه‌م ئۆکسیدی کاربۆن له‌ به‌رگی هه‌واییدا، ئه‌وه‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر کۆی سیسته‌می ژینگه‌ ده‌بێت تایبه‌ت نییه‌ به‌ ناوچه‌یه‌کی دیاریکراوه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ ئێمه‌ وه‌کو هاوڵاتیانی کوردستان زۆربه‌ی زۆری پێی خۆش بێت که‌ تورکیا توشی ئه‌و حاڵه‌ته‌ ببێت له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ڕووی سیاسیه‌وه‌ زۆر خراپ بووه‌ به‌ڵام له‌ڕاستیدا ژینگه‌ موڵکی ناوچه‌یه‌کی دیاریکراو نییه‌ یان موڵکی وڵاتێک نییه‌ به‌ڵکو موڵکی هه‌موو جیهانه‌، موڵکی هه‌موو هاوڵاتیه‌ک و هه‌موو زینده‌وه‌رێکه‌ له‌جیهاندا بۆیه‌ ده‌بێت ئێمه‌ دڵمان پێی خۆش نه‌بێت چونکه‌ ئه‌مه‌ دواتر کاریگه‌ری له‌سه‌ر سیسته‌می ژینگه‌ ده‌کات."

"کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەبێت ڕەنگە ببێتە هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی ترشەباران"

پسپۆڕە ژینگەییەکە ئەوەشی وت" ئەو ئاگرەی تورکیا بە هەمان شێوە کاریگه‌ری له‌سه‌ر عێراقیش ده‌بێت ڕه‌نگه‌ له‌داهاتوودا ببێته‌ هۆکارێک بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ترشه‌ باران که‌ ئه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ کاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر وڵاتی ئێمه‌ بێت و له‌سه‌ر وڵاته‌کانی تری ده‌وروبه‌ری تورکیا بێت یه‌کێکه‌ له‌ هۆکاره‌کان، ئێستا هه‌رێمی کوردستان یه‌کێکه‌ له‌و ناوچه‌ دیاریکراوانه‌ی له‌جیهاندا که‌ به‌زه‌قی توشی گرفتی گۆڕانکارییه‌کانی که‌شوهه‌وا بووه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ چه‌ند ساڵێکه‌ ئێمه‌ تووشی وشکه‌ ساڵی ده‌بین، وه‌ ئه‌مه‌ دوور نییه‌ ببێته‌ هۆکارێک بۆ زه‌ق بوونه‌وه‌ی زیاتری ئه‌و کێشه‌ و گرفتانه‌ی ماوه‌یه‌که‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنین."

"ترشە باران چییە؟ "

ئەو پسپۆڕە ژینگەییە زیاتر ڕونیکردەوە" ترشه‌باران واته‌ئه‌و پێکهاتانه‌ی که‌ لەگۆڕانکاریه‌کانی که‌شوهه‌وا وه‌کو ئاگرکه‌وتنه‌وه‌، وه‌کو دوکه‌ڵ زیاتر مادده‌ی SO4 ی تێدایه‌ تێکه‌ڵ به‌هه‌وا ده‌بێت یان تێکه‌ڵ به‌ به‌رگه‌هه‌وا ده‌بێت تێکه‌ڵ به‌ هه‌وره‌کان ده‌بێت ده‌بێته‌ هۆی ئه‌و بارانه‌ی که‌ بارانه‌که‌ ڕێژه‌ی PH ی داببه‌زێت واته‌ دابه‌زێت بۆ خوارووی 7 هه‌ندێکجار PH ی ده‌بێته‌ 5 کاریگه‌ری زۆر خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر سیسته‌می ژینگه‌ له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌ک که‌ ئه‌مه‌ ڕووبدات یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانی بۆ نموونه‌ کاریگه‌ری زۆر خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و خاکه‌ی که‌ هه‌یه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ بۆیه‌ کشتوکاڵ له‌و ناوچه‌یه‌ له‌ناوده‌چێت هه‌روه‌ها کاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر گه‌ڵای داره‌کان چونکه‌ ئه‌و PH زۆر نزمه‌ واته‌ ترشیه‌که‌ی زۆر زۆر به‌رزه‌ ئه‌وکاته‌ ده‌بێته‌ هۆی سوتاندنی گه‌ڵای داره‌کان و گه‌ڵای به‌رهه‌مه‌ کشتوکاڵیه‌کان که‌ ئه‌مه‌ش واده‌کات ڕۆژنه‌پێکهاتن دروست نه‌بێت ئه‌وکاته‌ به‌رهه‌می کشتوکاڵی له‌ده‌ست ده‌چێت بۆیه‌ ئه‌مه‌ کێشه‌ و گرفتێکی زۆر گه‌وره‌یه‌ ته‌نها په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ناوچه‌یه‌کی دیاریکراوه‌وه‌ له‌ تورکیا ئه‌مه‌ دواتر کاریگه‌ری له‌سه‌ر خۆشمان ده‌بێت له‌ هه‌رێمی کوردستان."

" ده‌بێت ئێمه‌ زۆر دڵمان به‌وه‌ خۆش نه‌بێت به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێت ئێمه‌ هاوخه‌میان بین "

د.عەبدولموتەلیب ڕەفعەت ئەوەشی وت" ده‌بێت ئێمه‌ زۆر دڵمان به‌وه‌ خۆش نه‌بێت به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێت ئێمه‌ هاوخه‌میان بین له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا چونکه‌ سیاسه‌تی مه‌رج نییه‌ سیاسه‌تی وڵاتێکی کامل بێت یان سیاسه‌تی هاوڵاتیانی تورکیا بێت چونکه‌ هاوڵاتیانی کورد له‌ تورکیا ڕه‌نگه‌ 20 ملیۆن زیاتر بێت بۆیه‌ ده‌بێت ئێمه‌ هاوخه‌می ئه‌وان بین له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌ی ژینگه‌یه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی تێدایه‌ نه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتێکی تایبه‌ت یان دیاریکراو."

عەبدولموتەلیب ڕەفعەت ڕاشیدەگەیەنێت" ڕه‌نگه‌ ئێستا کاریگه‌ریه‌کی ڕاسته‌وخۆ هه‌ست پێنه‌که‌ین له‌م ماوه‌یه‌دا به‌ڵام بۆ ساڵانی داهاتوو به‌دڵنیاییه‌وه‌ یه‌کێک له‌ کاریگه‌ریه‌کان ده‌بێت که‌ له‌سه‌ر سیسته‌می ژینگه‌ دروستی ده‌کات له‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و له‌سه‌ر عێراق، وه‌ ڕه‌نگه‌ وڵاتانی ده‌وروپشتی تورکیاش بۆیه‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌و گۆڕانکارییه‌ که‌ ڕووده‌دات ده‌بێت گۆڕانکاریه‌کی ئانی بێت یان ئێستا ڕووبدات."

"ئایا سییەکانی جیهان سوتاوە؟ "

گوێبیستی دەستەواژەی "سییەکانی جیهان" بۆ ئاگرەکەی تورکیا دەبین ئایا ئەوە تا چەند قسەیەکی زانستییە؟ لە وەڵامدا پسپۆڕە ژینگەییەکە وتی" به‌ڵێ زۆر ڕاسته‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی بوونی دارستانه‌کان واته‌ که‌مبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی دووه‌م ئۆکسیدی کاربۆن و ئۆکسیدی کاربۆن له‌ به‌رگه‌ هه‌وادا چونکه‌ ئه‌و دارانه‌ CO2 وه‌رده‌گرێت که‌ ئێستا ڕێژه‌که‌ی له‌ جیهاندا زیاتر له‌ 60% به‌رزبۆته‌وه‌، وه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هۆکارێکه‌ بۆ پێدانی یان زیادبوونی ڕێژه‌ی ئۆکسجین له‌به‌رگه‌ هه‌وادا بۆیه‌ به‌ سیه‌کانی سه‌ر زه‌وی داده‌نرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی هۆکارێکن بۆ ڕاگرتنی ڕێژه‌ی ئۆکسجین له‌ به‌رگی هه‌وایی و ئه‌مه‌ کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی ده‌بێت له‌سه‌ر سیسته‌می ژینگه‌یی بۆئه‌وه‌ی وه‌کو سیسته‌مێکی پاک وه‌کو سیسته‌مێکی خاوێن سه‌ر زه‌وی ڕابگرێت."

" هه‌وای هه‌رێمی کوردستان وه‌کو پێویست کواڵتیه‌کی زۆر باش نییه‌ "

دەربارەی کاریگەری سوتانی سنەوبەر و سەوزاییەکان لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی سوتانی سەوزایی سەوزایی چیای گۆیژە عەبدولموتەلیب وتی" ئێستا ئه‌گه‌ر ئێمه‌ سه‌یری کواڵتی هه‌وای هه‌رێمی کوردستان بکه‌ین وه‌کو پێویست کواڵتیه‌کی زۆر باش نییه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نه‌یتوانیوه‌ کارێک بکات بۆئه‌وه‌ی ڕێژه‌ی دارستانه‌کان زیاد بکات به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌کانی سیاسیه‌کان وایکردووه‌ که‌ دارستانه‌کان له‌ناوبچێت یان هه‌ندێکجار به‌ مه‌به‌سته‌وه‌ یان به‌ نامه‌به‌سته‌وه‌ ئه‌و شتانه‌ ڕووبدات به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ کاریگه‌ری زۆر خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر کواڵتی هه‌وا له‌ هه‌رێمی کوردستان و گۆڕانکارییه‌کانی که‌شوهه‌وا له‌م ناوچه‌یه‌ زیاتر ده‌بێته‌وه‌."

" ڕه‌نگه‌ له‌داهاتوودا ئێمه‌ کشتوکاڵ و ژینگه‌مان له‌ده‌ست بچێت "

م.عەبدولموتەلیب پێشبینی بۆ داهاتووی ژینگەی هەرێمی کوردستان کرد و وتی "ڕه‌نگه‌ ئێمه‌ له‌چه‌ند ساڵی داهاتوودا به‌شێوه‌یه‌ک توشی گرفتی گۆڕانکاریه‌کانی که‌شوهه‌وا ببین که‌ نه‌توانیین چاره‌سه‌ری بکه‌ین ئێستا ده‌رفه‌تێکه‌ بۆئه‌وه‌ی ئێمه‌ بتوانیین کێشه‌و گرفته‌کانمان له‌ڕێی دارستانه‌کانمانه‌وه‌ چاره‌سه‌ربکه‌ین به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ڕووی ژینگه‌ییه‌وه‌ گرنگی ئه‌وتۆ نه‌دراوه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و دارستانانهکه‌ هه‌یه‌ خه‌ریکه‌ ده‌سوتێنرێن به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ته‌وه‌ که‌ سیاسیه‌کان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن چونکه‌ هه‌ر هه‌موو دارستانه‌کان خه‌ریکه‌ ده‌بێته‌ پرۆژه‌ی بازرگانی ئه‌مانه‌ کاریگه‌ری زۆر خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر داهاتووی ژینگه‌ له‌شاری سلێمانی، به‌داخه‌وه‌ ئه‌مساڵ ساڵێکی وشکه‌ ساڵی بووه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌تی کاریگه‌ریه‌کانی له‌سه‌ر ناوچه‌ی گه‌رمیان و سلێمانی به‌گشتی ده‌رکه‌وتووه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وه‌کو پێویست حکومه‌ت نه‌یتوانیووه‌ ئه‌و کێشه‌و گرفتانه‌ که‌مبکاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زیاتر دارستانه‌کان سوتێنراون ئه‌مانه‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر کۆی سیسته‌می ژینگه‌ له‌م ناوچه‌یه‌ ده‌بێت ڕه‌نگه‌ له‌داهاتوودا ئێمه‌ کشتوکاڵ و ژینگه‌مان له‌ده‌ست بچێت ئه‌گه‌ر ئێمه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی نه‌ده‌ین له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌وه‌ کێشه‌و گرفته‌کانمان له‌داهاتوودا زیاتر ده‌بێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:40 0:00


XS
SM
MD
LG