Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوان لە بەندیخانەکانی عێراق دێتە دەنگ 


لەراپۆرتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق تاوانبار دەکات، بەئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوان لەزیندانەکانی سەرتاسەری وڵاتەکەدا. راپۆرتەکەش لەسەر بنەمای ئەو ڕووداوانەیە کە لە 1 ی حەوتی 2019 بۆ 30 ی چواری 2021 ڕوویانداوە.

بە پێی یاسای نێونەتەوەیی ئەشکەنجەو سوکایەتی پێکردن بە بەندکراو کارێکی قەدەغەکراوە، عێراقیش لەساڵی 2011 لەدژی ئەشکەنجەدان واژۆی لەسەرئەو رێککەوتنە نێودەوڵەتییە کردووە.

لەوکاتەشەوە، یاسای نیشتیمانی داناوە بۆ ئەوەی بەکارهێنانی ئەشکەنجەدان بەتاوان هەژماربکرێت، کێشەکە لەوەدایە حکومەت هیچ رێگری و سزایەکی ئەو کەسانەی نەداوە کە لە زیندانەکاندا ئەشکەنجەدانیان لە بەرامبەر گومانلێکراواندا بەکارهێناوە. بەوهۆکارەشەوە ئەشکەنجەدان و سوکایەتی پێکردن بە بەندکراوان لەتەواوی وڵاتەکەدا بەردەوامە. ئەو هەڵسەنگاندنەش پشتی بەستووە بە زانیارییەکانی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەرۆژی 3 شەمە لەلایەن نوسینگەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێڕاق بڵاوکراوەتەوە کە پێکهاتووە لەچاوپێکەوتنی 235 دەسگیرکراو.

لەو بارەیەشەوە وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ مارتا هۆرتاکۆ دەڵێت "نیوەی زیاتری ئەوانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە، باسیان لەئەشکەنجەدان کردووە و خراپ مامەڵەکردن لەکاتی دەستبەسەرکردنیاندا. هەندێک لەزیندانییەکان باسیان لەوە کردووە رووبەڕووی لێدان بوونەتەوەو بە بۆری ئاسن لەلایەن هەندێک ئەفسەرەوە لێیان دراوە، یان ئەشکەنجەدان بەکارەبا، زیندانییەک باسی لەوە کردووە کە دەستیان کەلەپچە کردووەو بەسەقفدا هەڵیانواسیوە".

راپۆرتەکە باسی لەوە کردووە کە ڕێز لەمامەڵە یاساییەکان نەگیراوە، لەکاتی لێپێچینەوەداو وتە وەرگرتندا، هەروەها لەماوەی 24 کاتژمێری دەستگیرکردنی سەرەتاییدا ڕێگە نەدراوە دەستیان بە پارێزەرەکانیان ڕابگات بەر لەوەی کە وتەکانیان لێوەربگیرێت.

لەو بارەیەوە وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆرتاکۆ دەڵێت "ئەشکەنجەدان بەکاردەهێنن بۆ دانپێدانان بەزۆر، هەروەها دەست گەیشتن بە پارێزەرێک بە بەرنامە دوا دەخرێت، پاش ئەوەی لەلایەن بەرپرسە ئاسایشییەکانەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. هەروەها دەشڵێت لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە 17 شوێنی دەسگیرکردنی فەرمی ناڕوون هەبووە".

هەروەها راپۆرتەکە ئەو نیگەرانیانەشی خستووەتەڕوو کە کاربەدەستانی عێراق گوێ بە سکاڵاو نیشانەی ئەشکەنجەدانەکان نەداوەوپشتگوێیان خستووە، ئەو سیستمانەی کە دایانناوە بۆ چارەسەری سکاڵا فەرمییەکان، نە ڕەوان و نە کاریگەریشن. چاوپۆشی لەو کارانە وای کردووە رێگە خۆش بکرێت بۆ بەردەوامی ئەشکەنجەدان لە زیندانەکانی عێڕاقدا.

داواش لەدەسەڵاتدارانی عێڕاق دەکات کە لەچوارچێوەی یاسای دژایەتیکردنی ئەشکەنجەدان و یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤدا رەفتار لەگەڵ زیندانی کراواندا بکەن.

لەسەر راپۆرتەکەش میشیڵ باسلیت لەنەتەوە یەکگرتووەکان وتوییەتی "رێگە گرتن لەئەشکەنجەدان، نەک تەنها بەقسەو بەنوسراو، دەبێتە هۆی هێنانەدی ئاشتی وسەقامگیری لەماوەی درێژدەمدا، ئاکامی بەو چەشنەش لەبەرژەوەندی دەوڵەت وقوربانییەکانیشدایە."

XS
SM
MD
LG