Accessibility links

پەرلەمانتارانی سودانی باشور سوێندی یاسایی دەخۆن


وێنەیەکی پەرلەمانی سودانی باشور-ئەرشیف
وێنەیەکی پەرلەمانی سودانی باشور-ئەرشیف

لە سودانی باشور، سەدان یاسادانەر سوێندی یاسایی دەخۆن بۆ پەرلەمانی نوێی وڵاتەکە و ئەمەش مەرجێک بوو بۆ ئەو ڕێککەوتنە ئاشتییەی کۆتایی بە شەڕی ناوخۆی ئەو دەوڵەتە نوێیە هێنا.

بە گشتی هەر 588 ئەندامەکەی پەرلەمان کە بریتین لە نوێنەرانی پارتی فەرمانڕەوا و لایەنەکانی سەرهەڵداوان. پێشتر ئەو لایەنانە ڕێککەوتنی ئاگربەستیان مۆرکردوە و ئەمڕۆ دووشەممە لە مەڕاسیمێکی تایبەتدا لە جوبا بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی سوێندی یاسایی خۆیان خوارد.

پیکهێنانی ئەنجومەنێکی فرە لایەنی نیشتمانی، مەرجێکی سەرەکی بوو لەو ئاگربەستەی بووە مایەی ڕاگرتنی 5 ساڵی خوێنڕشتن لە نێوان حکومەت و هێزەکانی سەرهەڵداواندا. لەو شەڕانەدا نزیکەی 400 هەزار کەس کوژراون.

وەک هەموو مەرجە گرنگ و بە پەلەکانی پەیماننامەکانی ئاشتی، ئەم دانیشتنەی پەرلەمان بۆ ماوەیەکی درێژ دواکەوت و ئەمەش بووە مایەی کاڵبوونەوەی متمانەی نێوان دوو لایەنە ڕکابەرە سەرەکییەکە، کە دوای شەڕ لە هاوپەیمانێتییەکی لاوازدا یەکیان گرت.

لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەم مەڕاسیمە نزیکەی یەک ساڵ لە وادەکەی خۆی دواکەوتووە، بەڵام بە مەڕاسیمێکی تەواویش ناودێر ناکرێت لەو ڕوانگەیەوەی 62 ئەندامی پەرلەمان ئامادە نەبوون لە مەڕاسیمەکەدا. هەندێک لەوانەی ئامادە نەبوون بەهۆی ناکۆکییەکانیانەوەیە بووە لەگەڵ حکومەتدا لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات.

سالڤا کیری، سەرۆکی سودانی باشور ئامادەی مەڕاسیمەکەی ئەمڕۆ دووشەممە نەبوو.

XS
SM
MD
LG