Accessibility links

نەجیب میقاتی پێدەچێت گرفتی هەبێت لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبناندا


.
.

سەرەک وەزیری ڕاسپێردراو لە لوبنان دەڵێت پێکهێنانی کابینەی حکومەتەکەی لەناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا ڕاناگەیەندرێت تا هاوکات نەبێت لەگەڵ ساڵیادی تەقینەوە خوێناوییەکەی بەندەری بەیروتدا.

نەجیب میقاتی، لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا پاش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ میشال عۆن، سەرۆکی لوبناندا دەڵێت "لە ڕاستیدا سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت، هیواداربووم خێراتر بووایە."
میقاتی دەشڵێت ڕۆژی پێنجشەممە جارێکی تر لەگەڵ عۆندا کۆدەبێتەوە.

حکومەتەکەی حەسەن دیاب کە ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەری لوبنانە، چەند ڕۆژێک پاش تەقینەوەکەی ڕۆژی 4ی مانگی هەشتی ساڵی 2020 دەستی لە کار کێشایەوە. لەو تەقینەوەیەدا زیاتر لە 200 کەس گیانیان لە دەستدا.

میقاتی کە تا ئێستا 2 جار سەرەک وەزیری لوبنان بووە و دەوڵەمەندترین کەسی وڵاتەکەشە، ڕۆژی 26ی مانگی 7 ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەت پاش ئەوەی سەعد حەریری، لە پێکهێانی حکومەت کشایەوە.

سەرەک وەزیری ڕاسپێردراو دەڵێت هیوای وەهابووە بەر لە ساڵیادی تەقینەوەکە بگاتە ڕێککەوتن، بەڵام ڕاپۆرتەکانی میدیا ئاماژە بەوە دەکەن کە هێشتاش لایەنە سیاسییەکانی لوبنان لە مشتومڕدان لەسەر پۆستە وەزارەتییەکان، بە هەمان ئەو شێوەیەی بووە ڕێگر لەبەردم پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لە یەک ساڵی ڕابردوودا.

ئەم بۆشاییە دەستوریەش لە لوبناندا تەگەرەیە لەبەردەم شیانی پلانەکاندا بۆ دەربازکردنی وڵاتەکە لەو قەیرانە داراییەی تێیکەوتووە و نەیتوانیوە قەرزەکانی لەسەریەتی بیانداتەوە. لەو کاتەشەوە لوبنان نوقمی گرفتێکی گەورەی ئابوری و دارایی بۆتەوە و بانکی جیهانی بە خراپترین قەیران ناودێری دەکات لەوەتای سەدەی نۆزدەهەمەوە.

XS
SM
MD
LG