Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: گۆران ڕەسوڵ


شیعر هەتا ئێستایشی لەگەڵدابێت گەورەترین پانتایی لە ئەدەبی کوردیدا کۆنترۆڵ کردووە و هەر بۆیەشە دەبێتە سەرەتایەک بۆ تێگەیشتن لە خود و لە دەوروبەریش و پێگەیەکی گەورەشی دەبێت بۆ پرسیار و گومانەکان لە هەموو ئەو شتانەی دەمانهێنن و دەمانبەن، یانیش دەیانهێنین و دەیانبەین.

شیعر جۆرێکی تری خود نوسینەوەیە، بەڵام هەتا ئێستا ڕەخنەی کوردی ئاوڕێکی ڕژدی لەم خود نوسینەوەیە نەداوەتەوە، ئەگەر هەشبێت ئەوا زۆر کەمن و ڕەخنە و لێکۆڵینەوەکانیش زیاتر بوونەتە کاری تاکە کەسیی، نەک ئەوەی بەرهەمی نێوندێکی توێژنەوەی هزر بێت و بتوانێت دیدگای شاعیر یان چیرۆکنوسمان بۆ ڕاڤە بکات و تایبەتمەندێتییەکانی نوسەرانمان پێ ئاشنا بکەن.

بەڵام خۆ لێرەشدا دەبێت ئەو پرسیارەش بکەین، ئایا نوسەر جا شاعیر بێت یان چیرۆکنوس، چۆن دەتوانێت خۆیمان پێبناسێنێت؟ ئایا هەر تەنها لە بەکارهێنانی زمانێکی جیاوازی نوسیندایە یان لە شکاندن و خۆ ڕاپسکاندنیدایە لە بیرکردنەوە باوەکان؟

هەرچۆنێک بێت پرسیارگەلێکی زۆر هەن و ڕەخنەگران ونوسەرانیش خۆیان بە دیدی جیاوازەوە وەڵامی ئەو جۆرە پرسیارانە دەدەنەوە، ئەڵبەت هەر یەکەشیان لە پاشخانی ڕۆشنبیری خۆیانەوە ناسنامەی خۆیان پێشکەش بە وەرگر دەکەن.


زمان لە شیعردا جیاوازە لە زمانی ڕۆژانە، دەشێت لە یەکەمیاندا هیچ یاسا و ڕێسایەک هەڵنەگرێت، شاعیرەکان بەردەوام سنورەکانی زمان تێدەپەڕێنن، پەیوەندی نوێی زمان لەناو شیعرەکانیاندا یان بەرهەمە ئەدەبییەکانی خۆیاندا دەدۆزنەوە و وێنە شیعرییەکانی خۆیانی لەسەر دادەنێن.

زۆرێک لە نوسەرانی پاش قۆناغی ڕاپەڕین، دنیایەکی تایبەتیان بۆ خۆیان خوڵقاندوە و هەر یەکەشیان بە شێوەیەک لە شێوەکان خودی خۆی دەنوسێتەوە لە ڕوانگەی تێگەیشتنە جیاوازەکانیانەوە.

بەیانییەکی زووی کۆتایی مانگی 4 بوو، دیارییەکی جوانم لە گۆران ڕەسوڵەوە بەدەست گەیشت، ئاخر چی لەوە جوانترە سەرلەبەیانییەک چاوت بە دیوانێکی شیعر گەش بێت. چەند ڕۆژێک پاشتر دەستمکرد بە خوێندنەوەی "ڕۆژەکانم بە ڕیمۆت کۆنترۆڵ دەگۆڕم" هەر زوو ئەم کتێبە خستمیە بەردەم ئەو پرسیارەی، ئایا دەشێت هەموو ئاژاوەکانی ئەم دنیایە لە ئەستۆی ئادەم بنرێت؟ یان تۆ بڵێی گۆڕستانەکان بووبنە شوێنی پیاسەکانمان؟ چەندان پرسیاری تریش کە وەهایان لێکردم بەناو ڕۆژەکانی گۆران ڕەسوڵدا بگەڕێم بۆ وەڵامی پرسیارەکانم، تا ئەوەی گۆران ڕەسوڵ پێمان دەڵێت بڕیار وانەبوو، وەها بژین لە سەرەتادا.
گۆران ڕەسوڵ، لە شیعر و لە چیرۆکیشدا یارییەکی جوان و ناوازە دەکات لەگەڵ زمان و تەکنیکی نوسینیشدا.

ئایا گۆران ڕەسوڵ، لە شیعر و چیرۆکەکانیشیدا دەخوازێت چیمان پێبڵێت؟

ئایا نەبوون یان کەمیی ڕەخنە چەندێک کاریگەری هەبووە بەسەر تێگەیشتن لە شیعر و لە چیرۆک؟

ئایا ململانێی نەوەکان لە ئەدەبدا هەیە و پێویستە لەسەر چ بنەمایەک جیا بکرێتەوە؟

گۆران ڕەسوڵ، شاعیر و چیرۆکنوس لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:55 0:00
XS
SM
MD
LG