Accessibility links

شێخ محەمەد شاکەلی: کارکردن لە نێو حیزبەکان وەکو بزنسی لێهاتووە، خەڵک متمانەی نەماوە


ئەندامێکی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەرپرسانی حیزب و لایەنە سیاسیەکان سەرقاڵی بزنس و بازرگانین، بۆیە خەڵک توشی قەیرانی متمانە بووە، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی چاوەڕوانکراوبوون.

لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شێخ محەمەد شاکەلی سیاسەتمەداری دیاری هەرێم و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت"لە ساڵانی 70 و 80 کان، خەڵکانێک دەچوونە نێو گۆڕەپانی خەبات، باوەڕیان بەدەستکەوتی کەسی نەبوو، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی خەڵک و کۆمەڵێک ئامانجی سیاسی دیاریکراو خەباتیان دەکرد."

وتیشی"ئێستا کارکردن لەنێو حیزبەکان وەکو بزنسی لێهاتووە، کەوتوونەتە دوای بەرژەوەندی خۆیان."

شێخ محەمەد شاکەلی، هۆکاری نەمانی متمانەی لەنێوان خەڵک و حیزبەکان بۆ ئەوە گێڕایەوە، ئەو خەڵکانەی سیاسەت دەکەن، سیاسەت بۆ بەرژەوەندی شەخسی و دروستکردنی کۆمپانیا بەکاردەهێنن، سیاسەت لە ڕێڕەوەکەی خۆی لایداوە و دەڵێت "گەڕانەوەی متمانە بۆ خەڵک پێویستی بەهاتنە پێشەوەی خەڵکانێکە، دوربن لە گومان و کارکردن بۆ بەرژەوەندی شەخسی، کار بۆ بەرژەوەندی گشتی بکەن."

بەبڕوای شێخ محەمەد شاکەلی، چاکسازی لەهەرێمی کوردستان ئەستەم نیە، هێنانە پێشەوەی خەڵکانی باشی دەوێ، هەرچەندە گۆڕەپانەکە قۆرخکراوە و ئەمەش ئاسان نیە، دەڵێت "بەڕێوەبردن پێویستی بە تێکەڵەیەکە لەخەڵکانی تازە و ئەزمووندار، هەرچەندە تازەکانیش تاقیکرانەوە و خەریکی بزنس و کەسابەت بوون."

شێخ محەمەد شاکەلی یەکێکبوو لە سیاسیە نزیکەکانی جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی و بەم دواییانەش ڕاوێژکاری مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان بوو، سەبارەت بەدیدی ئەوان بۆ دۆخی قەیراناوی هەرێم، ناوبراو دەڵێت "ئەوان دوو کەسایەتی ئەزموونداربوون، مام جەلال خەباتێکی دوور و درێژی هەبوو، بەڵام ئەوانەی ئێستای زۆنی سەوز ئەزمونیان نیە، سودیش وەرناگرن لەخەڵکی شارەزا."

لەنێو خەڵکی هەرێمی کوردستاندا، بۆچوونێک دروستبووە لەسەر ئەوەی ئەو سیاسیە تازانەی ئێستا هاتوونەتە پێشەوە چاو لە سیاسیە کۆنەکان دەکەن، کە پێشتر بە بزنس و بازرگانی تۆمەتبار دەکران، لەو بارەیەوە شێخ محەمەد دەڵێت "ئەویش ڕاستە، ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت، کۆنەکانیش نەتوانن خۆیان بگرن بەرامبەر داهات و دەستکەوت و شتی شەخسی."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شێخ محەمەد شاکەلی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، پێیوابوو کێشەکانی نێو یەکێتی چاوەڕوانکراوبوون، وتی"کێشەکان بەرەو شتی گەورە دەچوون، کێشەکان لەبنەڕەتەوە چارەسەر نەدەکران و کەڵەکەیان کرد."

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:20 0:00


XS
SM
MD
LG