Accessibility links

مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی ئەو خێزانە کوردەی لە کۆنیا کوژران


پاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە تەرمی خێزانی دەدەئۆغڵو لە گۆڕستانی سەراجئۆغڵوی کۆنیا بە خاک سپێردران.

درەنگانێكی هەینی حەوت کەسی یەک خێزانی کورد، یاشار دەدەئۆغلۆ و ئیپەکی هاوسەری لەگەڵ دوو کوڕ و سێ کچیان بە دەستڕێژی گولەلە ماڵەکەی خۆیان لە ناوچەی مەرامی شاری کۆنیا کوژران.

کاربەدەستانی حکومەت و لایەنە سیاسییەکان بەشاری مەڕاسیمی بەخاکسپاردنەکەیان کرد لە ناویاندا، وەزیری دادی تورکیا، هاوسەرۆکی هەدەپە، ئەندامانی پەرلەمانی هەدەپە، شاندێکی جەهەپە و ئەندامانی پەرلەمانی ئاکەپەش.

خەڵکێکی زۆری سڤیلیش لە زۆربەی شارە کوردنشینەکانی تورکیاوە بەشداری ئەو مەڕاسیمی بەخاکسپاردنە بوون و ژمارەیەکیان بە پەیامنێرمان ئەیوب دمیر، کە بۆ ڕووماڵی ئەو ڕووداوە لە کۆنیایە، ڕاگەیاند زۆر دڵگران بوون بە ڕووداوەکەو نەیانتوانیوە بەشداری نەکەن.

هەندێک لە لایەنەکان و گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ ئەم ڕووداوی کوشتنی ئەم خێزانە کوردە بە کردارێکی ڕەگەزپەرستی لە قەڵەم دەدەن بەڵام کاربەدەستانی حکومەت ڕەتی دەکەنەوەو دەڵێن بەردوام دەبن لە لێکۆڵینەوە کردن لەسەری.

ئەرۆل شان ئامۆزای یاشار دەدەئۆغلو بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند سەۆرکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵدا کردووە و هاوخەمی خۆی دەربڕیوە ئەو گوتی ئەردۆغان پێی گوتووە " ئەوان تەنها کەسی ئێوە نەبوون کەسی هەمومانن بکوژەکەیان دەسگیر دەکرێت و دەرێتە دادگا."

پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە لەسەر کوشتنی ئەو خێزانە کۆبونەوەیەکی ڕێکخست.

هاوسەرۆکی هەدەپە میتات سانجار پاش کۆبونەوەکە لێدوانێکی دا و گوتی زمانی ڕەق و ڕەگەزپەرستانەی دەسەڵات بەرپرسە لەم کوشتنکارییە.

سانجار ڕەخنەی لە پارتە ئۆپزسیۆنەکانێش گرت و گوتی " تەنها پەیامی سەرەخۆشی کردن بەس نییە، بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەم پلانە پێویستە هەمو هێزە دیموکراسی خوازەکان و ئۆپزسیۆن بە هەڵوێستێکی ڕوونەوە لەگەڵماندا بن."

وەزیری ناوخۆی تورکیا سولەیمان سۆیلوش گوتی " ئەم ڕووداوە هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتی کورد و تورکەوە نییە، 11 ساڵ زیاترە کێشەو ناکۆکی لە نێوان ئەو دوو خێزانەدا هەیە، ئەوانیە کە بەکێشەی ئیتنیکییەوە گرێی دەدەن مەبەستیان هان دان و وروژاندنە و هەوڵدانە بۆ دابەشکردنی یەکپارچەیی وڵات."

لە شاری وانیش لەسەر کوژرانی ئەو حەوت کوردە، خۆپیشاندان ئەنجامدرا. لە میانەی ئەو خۆپیشاندانەدا گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس دروست بوو و پۆلیس زۆر بە توندی هێرشی کردەر سەر چالاکوانە خۆپیشاندەرەکان. وبە گوێرەی پەیامنێری بەشی کوردی دەنگی عارف ئەسڵان لە وان، چەند کەس بریندار بوون و ژمارەیەک خۆپیشاندەریش دەستگیر کراون.

جێی باسە لە مانگی پێنجدا کێشەیەک لە نێو ئەم خێزانە و دراوسێکانیان دروست بووە و ڕۆژێک بەر لە جەژنی ڕەمەزان لە لایەن دەیان کەسەوە هێرش کراوەتە سەریان. پاش ئەوە ڕووداوەی مانگی پێنج 7 کەس دەسگیر کرابوون بەڵام لە ماوەی دوو مانگدا 5 لەوانە ئازاد کراون.

لە خێزانی دەدەئۆغلۆ تەنها یەک کوڕیان ڕزگاری بووە ئەوەی ڕۆژێک بەر لە ڕووداوەکە گەشتی کردووە و لەوێ نەبووە.

XS
SM
MD
LG