Accessibility links

حەوت کەسی یەک خێزان لە کۆنیای تورکیا دەکوژرێن


لە ناوچەی مەرامی شاری کۆنیای تورکیا ڕۆژی هەینی هێرشێکی چەکداری کراوەتە سەر خێزانێکی کورد و حەوت ئەندامی خێزانەکە کوژراون. بە گوێرەی پارێزەری خێزانەکە ئەمە هێرشێکی نژادپەرستانە بووە.

یاشار دەدەئۆغڵو، ئیپەکی هاوسەری، دوو کوڕ و سێ کچیان لە ماڵەکەی خۆیاندا لە ناوچەی مەرەمی شاری کۆنیا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە کوژراون. ئەوخێزانە نزیکەی 30 ساڵە لەمەوبەر لە شاری قەسرێوە کۆچیان کردووە بۆ کۆنیا.

لە مانگی پێنجدا ڕۆژێک بەر لە جەژنی ڕەمەزانیش ئەو خێزانە لە ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن دەیان کەسی دراوسێکانیانەوە هێرشیان کرایە کە وەک ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی دەڵێت لەو هێرشەدا دراوسێکانیان پێیان گوتبوون " ئێمە ناهێڵین کورد لێرە بژێت."

لە پاش ئەو هێرشە حەوت کەس دەستگیر کرابوون بەڵام لە ماوەی دوو مانگدا پێنج لەوانە ئازاد کران. پارێزەری خێزانەکە عەبدولڕەحمان کارابولوت بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند هەرچەندە هێرشبەرەکان هێشتا دەستگیر نەکراون بەڵام گومان هەیە کە هەمان هێرش بەرەکانی پێشوو بکوژی ئەو خێزانە بن. ئەو گوتیشی سێ کاتژمێر بەر لە هێرشەکە یاشار و باریش دەدەئۆغڵو سەردانی نوسینگەکەیان کردووەو " نیگەران بوونە لەوەی هەرموو دراوسێ هێرشبەرەکانیان بەبێ سزا ئازاد کراون."

کارابولوت ڕایشیگەیاند " ئەمە هێرشێکی نژاد پەرستانەیە و لەئەنجامی پشگوێخستنی دادوەرییە، چونکە هێرشبەرەکانی دوو مانگ پێش ئێستا یەک بە یەک ئازاد کران."

مانگێک لەمەوبەر یاشار دەدەئۆغڵو ڕاپۆرتێکی دابوو بە پەیامنێریڕووداو و لەوێدا باسی لە فشارەکان بۆ سەر خێزانەکەی کردبوو.

پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە لەسەر کوشتنی ئەو خێزانە کۆبونەوەیەکی ڕێکخست.

هاوسەرۆکی هەدەپە میتات سانجار پاش کۆبونەوەکە لێدوانێکی دا و گوتی زمانی ڕەق و ڕەگەزپەرستانەی دەسەڵات بەرپرسە لەم کوشتنکارییە.

سانجار ڕەخنەی لە پارتە ئۆپزسیۆنەکانێش گرت و گوتی " تەنها پەیامی سەرەخۆشی کردن بەس نییە، بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەم پلانە پێویستە هەمو هێزە دیموکراسی خوازەکان و ئۆپزسیۆن بە هەڵوێستێکی ڕوونەوە لەگەڵماندا بن."

وەزیری ناوخۆ سولەیمان سۆیلو و فەخرەتین ئاڵتون، وتەبێژی سەرۆکایەتی توکیا، لەسەر کوژرانی حەوت ئەندامی بنەماڵەی دەدەئۆغڵو، لێدوانیان داوە و دژی ئەوە بوون ئەو هێرشە نژاد پەرستانەبێت.

سولەیمان سۆیلو گوتی " ئەم ڕووداوە هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتی کورد و تورکەوە نییە، 11 ساڵ زیاترە کێشەو ناکۆکی لە نێوان ئەو دوو خێزانەدا هەیە، ئەوانیە کە بەکێشەی ئیتنیکییەوە گرێی دەدەن مەبەستیان هان دان و وروژاندنە و هەوڵدانە بۆ دابەشکردنی یەکپارچەیی وڵات."

فەخرەتین ئاڵتونیش گوتی " ئەو لایەنانەی کە ئەو کوشتارە دڕندانەیە بە هێرشێکی ئایدیۆلۆژی پێناسە دەکەن، درۆ دەکەن و خۆیان هاندەرن."

زانیاری زیاتر لە ڕاپۆرتی پەیامنێرمان خەجیجان فەرقین ببیستە.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:04:43 0:00


XS
SM
MD
LG