Accessibility links

 ئەنتۆنی بلینکن: ماوەی دانوستاندن لەگەڵ تاراندا بێسنوور نییە


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت کاتی پرۆسەی دانوستاندن لەگەڵ ئێران بۆ زیندووکردنەوەی مامەڵەی ناوکی ساڵی 2015 ناتوانێت هەمیشەیی و بێکۆتایی بێت و دەشڵێت تۆپەکە گۆڕەپانی ئێراندایە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی پێنجشەممە لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کوێت، سەرەڕای جەخت کردنەوەی لەسەر پابەندبوون بە دیپلۆماسییەوە گوتی "ئەگەر ئێران لە چالاکییەکانی پەیوەست بە بەرنامە ناوکییەکەی بەردەوام بێت، چیتر بەگەڕانەوەی بۆ ڕێککەوتنەکە، ناتوانێت بە تەواوی بگات بە دەسکەوتەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەشڵێت وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بە روونی نیاز و ویستی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە نیشان داوە و گوتیشی "تۆپەکە لە ئێراندا ماوەتەوە و چاوەرێ دەکەین بزانین ئایا ئەوان ئامادەن بڕیارەکانی پێویست بۆ گەڕانەوە و پابەندبوون بە بڕیارەکانی ڕێککەوتنەکە بدەن یان نە."

گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتن بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران لە 20 ی مانگی شەش، واتە دوو ڕۆژ دوای سەرکەوتنی ئیبراهیم ڕەیسی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، دواخرا. ڕەیسی بە فەرمی لە 5ی مانگی هەشتەوە کارەکەی دەستپێدەکات و لایەنە بەشدارەکانی ئەو گفتوگۆیانە هێشتا نەیانگوتوە چ کاتێک گفتوگۆکان دەستپێبکەنەوە.

ئێران، ئەمەریکا، چین، ڕووسیا، فەرەنسا،بەریتانیا، ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا، ئەندامە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 بوون کە دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ساڵی 2018 لێی کشایەوە.

ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی چوارشەممە گەیشتە کویەت و ئەو وێنەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شێخ نەواف، ئەمیری کوێت لە ڕۆژی پێنجشەممە لە تویتەردا بڵاو کردەوە نووسیویەتی کوێت ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە ناوچەکەدا وەکو ناوبژیکەر و ئاسانکاری بۆ هاوکارییەکان.

XS
SM
MD
LG