Accessibility links

دوای واشنتۆن، وەزیری دەرەوەی قەتەر سەردانی تاران دەکات


وەزیری دەرەوەی قەتەر کە جێگری سەرەک وەزیریشە بە سەردانێک دەگاتە تاران و پێشتر هیچ ڕاگەیاندنێک لەسەر ئەم سەردانە نەدراوە.

موحەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال ثانی، چەند ڕۆژێک پاش سەردانەکەی بۆ واشنتۆن، ئەمڕۆ یەکشەممە دەگاتە تاران

ئاژانسی دەنگوباسی ئێرنا دەڵێت لەم سەردانەیدا وەزیری دەرەوەی قەتەر لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێراندا کۆدەبێتەوە بۆ وتووێژکردن لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

ڕەئیسی دەڵێت "تاران جەختێکی تایبەت دەکاتەوە لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆحەدا." هەروەها دەشڵێت "ئەرکی سەرەکی حکومەتەکەی لە سیاسەتی دەرەوەییدا، پەیوەندییەکانی ئێران دەبێت لەگەڵ دراوسێکانیدا."

گەورە دیپلۆماتی قەتەر لەگەڵ موحەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێراندا کۆبۆتەوە و وتووێژ لەسەر پەرەسەندنە دوو لایەنییەکان کراون و هەروەهاش لەسەر دۆسێکانی ناوچەکە و نێونەتەوەییش، وەک لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا ئاماژەی پێکراوە.

سەرردانەکەی ئال ثانی، دوابەدوای کۆبوونەوەکەی ڕۆژی 5شەممەی بوو لە واشنتۆن، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکادا.

لەو کۆبوونەوەیەدا پێداچوونەوەیەک کراوە بە هاوکاری دوولایەنە و پەرەسەندنەکانی ناوچەکەدا و بەتایبەتیش دۆسێکانی تایبەت بە ئەفغانستان و ئێران و سوریا و فەلەستین.

ئەم گەورە دیپلۆماتەی قەتەر جەخت دەکاتەوە لەسەر وەک دەڵێت "پێویستی بۆ دیالۆگێکی کراوە و ڕوون و ئاشکرا لە نێوان وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو و ئێراندا بۆ هێنانە ئارای سەقامگیری لە ناوچەکەدا."

پێشتریش وەزیری دەرەوەی قەتەر ئامادەیی خۆیی دەربڕیبوو بۆ ناوبژیکردن لە وتووێژی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبیدا لە کەنداو، وەک شانشینی عەرەبستانی سعودیە.
ڕەئیسی دەڵێت هیچ گرفت و تەگەرەیەک نییە بۆ دانانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ عەرەبستانی سعودیەدا کە هاوپەیمانی ئەمەریکایە و ڕکابەرێکی سەرسەختی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە مانگی 4ی ڕابردووەوە، تاران و ڕیاز دەستیان کردووە بە وتووێژکردن بە میوانداری بەغدا و ئەم وتووێژانەش بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیانە، پاش ئەو هێرشەی خۆپیشاندەرانی ئێرانی لە ساڵی 2016دا کردیانە سەر ئۆفیسەکانی باڵیۆزخانەی عەرەبستانی سعودیە لە تاران، دوای ئەوەی ڕیاز سزای مردنی بەسەر کەسایەتییەکی ناوداری شیعە ئاینزای وڵاتەکەدا بەجێگەیاند.

XS
SM
MD
LG