Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: دکتۆر موئمین زەڵمی


دەیان و بگرە سەدان کتێب و وتار لەسەر زمانی شیرینی کوردی بڵاوکراونەتەوە و بڵاودەکرێنەوە، زۆر جاریش لە میدیاکانەوە "بیسترا و بینراو و خوێندراو" ەوە قسە و باس لەسەر پێشکەوتنەکانی زمانی کوردی دەکرێن.

ئەڵبەت هەر یەکە بە ڕوانینی خۆی شەن و کەوی بابەتی زمان دەکات، هەر بۆیە چەند بۆچوونێکی جیاواز دەبینین و دەبیستین لە سەرجەم ئەو لێکدانەوانەی لەسەر زمانی کوردی دەکرێن و هەروەهاش لەسەر دیالێکتەکانی زمانەکەشمان.

کەم نین ئەوانەی زمانی کوردی بە زمانێکی داتاشراو یان بە لقی زمانێکی تری نەتەوە سەردەستەکان دادەنێن و پێشدەچێت ئەو جۆرە ڕوانیانە بە مەبەست و بە بەرنامەش بێت و دەشێت یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان؛ ڕەهەندی سیاسی بێت کە ئاوڕێکی ڕژد و بابەتیانە نادرێتەوە لە زمانی کوردی، یان دروست تر بڵێم، ڕاستییەکان فەرامۆش دەکرێن.

هەوڵ زۆر دراون بۆ بە زیندوویی هێشتنەوەی زمانی کوردی، لەوانە هەوڵەکانی کۆڕی زانیاری کورد، هەوڵەکانی نوسەران و شاعیرانی گەورەی وەک؛ ئەحمەدی خانی، نالی، بێسارانی، مەولەوی و چەندانی تریش.

ناشبێت لێرەدا بواری ڕۆژنامەوانی کوردی ڕەچاو نەکەین، لە ڕۆژنامەی کوردستانەوە بۆ بانگی هەق و بۆ ژین و ژیانەوە و تا ئێستاشی لەگەڵدابێت هەر یەکێک لە میدیاکان بەشی خۆی هەوڵی داوە گرنگی بدات بە بایەخدان بە زمان و ڕاستکردنەوەی هەڵە زمانەوانییەکان.

ئەمانە بێ لەوەی دەیان بەڵگەنامەی مێژوویی هەن لەسەر لێکدانەوەکانی زمان و شیکردنەوەی سیمبۆل و نیشانەکانی زمان، کە زمانی کوردیش بەشێک بووە لێیان.

زمانی کوردی لە چەند دیالێکتێک پێکهاتووە، بە گشتی ئەم زمانە شیرینەمان دابەشکراوە بەسەر کورمانجی سەرو و کورمانجی خوارودا، ئەم جۆرە دابەشکردنە بمانەوێت و نەمانەوێت زیانی هەبووە بۆ دیالێکتەکانی تری زمانەکەمان.

لەم ماوەیەی ڕابردوودا، هەوڵێک هاتۆتە ئاراوە تا دیالێکتی هەورامی بخرێتە ناو خوێندنی کوردییەوە.

بێگومان ئەم هەوڵە گرنگە؛ نەک هەر بۆ شێوەزاری هەورامی بەڵکو بۆ هەموو دیالێکتەکانی تریشمان گرنگە و پێویستە ئاوڕیان لێبدرێتەوە.

کورد خاوەنی زمانی خۆیەتی بەڵام کەم ئاشنای زمانەکەیەتی، ئەمەش ڕاستییەکە کە ناکرێت خۆمانی لێببوێرین، چونکە وەک دەبینین زۆرێک لە ڕۆشنبیران و نوسەران و میدیاکاران دەشێت بەلانیکەم، زمانێکی تر یان دووان و سیانیش بزانن بەڵام ئاشنای شێوەزارەکانی تری زمانی کوردی نین.

ئایا هەر تەنها سیاسەت و دۆسێی نەتەوەی سەردەست و بندەست، کێشەی سەرەکی زمانی کوردین؟

ئایا دەربازکردن و ڕزگارکردنی زمان لە قاڵبی سیاسی، چی بە زیندوێتی زمانی کوردی دەبەخشێت؟

ئایا کردنی شێوەزارەکانی زمانی کوردی بە بەشێک لە پرۆسەی خوێندن چەندێک گرنگە بۆ بەرەوپێشچونی زمانی کوردی؟

ئایا فرەیی شێوەزارەکان لە زمانی کوردیدا، بەڵگەیە بۆ دەوڵەمەندیی زمانی کوردی؟

دکتۆر موئمین زەڵمی، نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:18 0:00


XS
SM
MD
LG