Accessibility links

ئەندامێکی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک: بۆ گەڕانەوە بۆ کەرکوک، بڕیاری حیزب جێبەجێ دەکەین


ئەندامێکی ئەنجومەنی سڕکراوی پارێزگای کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، لەدوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە بۆ کەرکوک نەگەڕاونەتەوە، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە ئەوان کادیری حیزبن، بڕیارەکانی حیزب بۆ گەڕانەوە بۆ کەرکوک، جێبەجێ دەکەن.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کامەران کەرکوکی کە کادیری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە، دەڵێت " گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەرکوک لای حکومەتی عێراقە، حکومەت دەتوانێت لەسەر بنەمای ڕێککەوتنەکان، بارەگاکانی پارتی بداتەوە، لایەنی تر هیچ ڕۆڵێکی نیە."

سەبارەت بە ڕازینەبوونی عەرەب و تورکمان بە ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی کەرکوک بەپارتی، کامەران کەرکوکی دەڵێت"ئەوان کێشە نین، لە ساڵی 2003 ەوە لەبەرژەوەندیان دراوە و لەسەر جادەن."

لەکۆی 41 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، 26 کورسیان سەربە لیستی برایەتی بوون، کە لیستی سەرجەم حیزبە کوردیەکان بوو، لە دوای ساڵی 2017 ەوە، 13 لەو ئەندامانە لەهەولێر و سلێمانی نیشتەجێ بوون و بۆ کەرکوک نەگەڕاونەتەوە.

کامەران کەرکوکی دەڵێت"ئێمە بڕیاری حیزب جێبەجێ دەکەین، گەر حیزب بڕیاری گەڕانەوەمان بدات، خۆمان لەسەر میکانیزمی گەڕانەوەکە ڕێکدەکەوین، بزانین حیزب چی دەڵێت و ئێمە چۆن بەباش دەزانین."

ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ماوەی نزیکەی سێ ساڵە سڕکراون و هۆکاری سڕکردنەکەشیان پەیوەندی بە خواستی خۆپیشاندەرانی عێراقەوە هەبوو، بە پێی وتەی کامەران کەرکوکیش، لەڕۆژی 18/11/2019 ەوە موچەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان بڕدراوە.

بەبڕوای ئەندامەکەی ئەنجومەنی سڕکراوی پارێزگای کەرکوک، سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان زیانێکی گەورەی هەبووە، دەسەڵاتی جێبەجێکردنی پارێزگاکانی لە چاودێریکردنی ئەنجومەنەکان دوورخستووەتەوە، وتی"من باسی ئەنجومەنی پارێزگاکانی تر ناکەم، کە گەندەڵیان تێدا بوو، بەڵام ئەنجومەنی کەرکوک زۆر پرۆفیشناڵ بوو."

کورد لە کۆی 41 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، 26 کورسی هەبوو، بەڵام لەیاسا نوێ یەکەدا، ژمارەی کورسیەکانی ئەو ئەنجومەنە بۆ 12 کورسی کەمکراوەتەوە، بەڕای ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، گەر هەڵبژاردن بکرێت، کورد لەو 12 کورسی یە، 7 کورسی بەدەست دەهێنێت.

کامەران کەرکوکی، ڕەخنەی لەپەرلەمانی عێراقیش گرت بەوەی کەم و کوڕیەکانی خۆی خستووەتە ئەستۆی ئەنجومەنی پارێزگاکان، وتی"ئەنجومەنی پارێزگاکان تەواو، سڕکران، لە ئێستادا گرنگترین شت دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پارێزگاکانە."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کامەران کەرکوکی ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئاشکرایکرد، سەرباری دوورکەوتنەوەیان لەکەرکوک، بەڵام هێشتا پەیوەندی شەخسیان لەگەڵ بەرپرسانی عەرەب و تورکمان ماوە، ئەوان لێیان ڕازین، بەڵام ناوێرن بە ئاشکرا ڕای خۆیان دەرببڕن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:57 0:00


XS
SM
MD
LG