لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە پارێزگای دهۆک بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و زۆرترینە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان. تەنها لە چوار ڕۆژی جەژندا 20 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەو پارێزگایەگیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک داوا لە هەموو هاووڵاتیان دەکات ڕێنماییەکانی تەندروستی بەجێبگەیەنن " چونکە ئەمە شەپۆلی سێهەمی کۆرۆنایەو لەوانی تر خێراتر دەگوازرێتەوە."
بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی توشبوون وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی یەکەمدا بڕیاری گرتنی هۆڵی ئاهەنگگێڕان و یادەوەرییەکانی دا و چاوەڕوانیش دەکرێت ئەگەر ڕەوشەکە بەم جۆرەبێت ئەوا ڕەنگە کۆتو بەندی زیاتر ڕابگەیەندرێت.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک ئەم جۆرەی کۆرۆنای بە جۆری دێلتای هیندی ڕاگەیاندووە.
حەمزە محەمەد عەلی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لەم چوار ڕۆژەی جەژندا 12 هەزارو 519 پشکنین بۆ ئەو کەسانە کراوە کە گومانی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لێدەکرا لەوانەدا 2 هەزارو 218 حاڵەتی کۆرۆنا هەووە و هەزارو 590 بە تەواوەتی چارەسەرکراون 20 نەخۆش گیانیان لەدەستداوە."
محەمەد عەلی گوتیشی " باشترین ڕێگە بۆ خۆپارێزی لەم ڤایرۆسە، کوتانی دژ بە ڤایرۆسەکەیە. لە سنووری پارێزگای دهۆک 82 هەزارو 142 ژەمە ڤاکسین بەکارهاتووە."