Accessibility links

عێراق دەڵێت ناتوانێت رێگە لە هێرشی سەربازی تورکیا بۆ سەر وڵاتەکەی بگرێت


باڵاترین دیپلۆماتکاری عێراق دەڵێت وڵاتەکەی "توانا"ی نییە بە چەک ڕێگری لە هێرشی سەربازی تورکیا بۆ سەر خاکەکەی بکات.

تورکیا دەڵێت هێرشەکانی بۆ "بەرگری لەخۆکردن"ە و دژی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە واشنتن و ئەنکەرە بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی دادەنێن.

لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ موعتەبەر شێروانی لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن، گووتی "عێراق بڕوای نییە بەهێز بەرامبەر هێزێکی تر راوەستێت و تواناشی نییە."

گوتەکانی فوئاد حوسێن، کە وەزیرێکی کوردە، لە وەڵامی پرسیارێکدا هات لەسەر بۆمبارانەکانی تورکیا بۆ سەر چەکدارەکانی پەکەکە کە زیانی گیانی و مادی بە هەرێمی کوردستان لە باکوری عێراق گەیاندووە.

ئەم ڕادە راشکاوییە لە گوتەکانی وەزیرە عێراقییەکدا دەریدەخات ١٨ ساڵ دوای رووخانی حکومەتی سەدام حسێن لەلایەن ئەمریکاوە، عێراق هێشتا ماویەتی ببێتە خاوەنی دامەزراوەیەکی سەربازی بەهێز کە بتوانێت بەرگری لە سەرەوەری خۆی بکات.

فوئاد حسێن لە واشنتنە وەکو بەشێک لە شاندێکی باڵای وڵاتەکەی بەسەرپەرشتی سەرۆک وەزیران موستەفا کازمی کە بڕیارە رۆژی دووشەممە لە کۆشی سپی لەگەڵ سەرۆک جۆ بایدن کۆببێتەوە.

جەین ساکی، گووتەبێژی کۆشکی سپی، گووتی واشنتن دەیەوێت "پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی لەگەڵ عێراق لەسەر مەسەلەی سیاسی، ئابووری و ئاسایش بەهێزتربکات."

بەرپرسانی عێراقی دەڵێن دەیەناوێت داهاتووی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتن پێناسە بکەنەوە بەجۆرێک کە هێزی شەڕکەری ئەمەریکی لەوڵاتەکەیان نەمێنێت. بەرپرسانی ئەمەریکا بە میدیاکانیان راگەیاندووە بەو مەرجەی عێراق رازیبوون و رۆڵی سەربازەکانیان لە عێراق بریتی دەبێت لە پێدانی مەشق و راهێنان بە هێزە عێراقییەکان.

فوئاد حسێن گوتی تورکیا رەزامەندی وڵاتەکەی وەرنەگرتووە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر پەکەکە.

وەزیرە عێراقییەکە گووتی، "هیچ ڕێککەوتنێکی دوو قۆڵی نییە لە نێوان عێراق و تورکیادا کە ڕێگە بە تورکیا بدات بێتەژوورەوە."

هەڵدانەوەی مێژوو

فوئاد حسێن لە قسەکانیدا لەسەر کێشەی دەیان ساڵەی نێوان پەکەکە و تورکیا - کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە چل هەزار کەس کە زۆربەیان کورد بوون -گەڕایەوە بۆ زیاتر لە چل ساڵ لەمەوبەر و گوتی ئەو کات تورکیا دژی کوردی عێراق دەجەنگا.

فوئاد حسێن گوتی، "ئێمە باسی کەی دەیکەین باسی ساڵی ١٩٨٠. ئەمە دژی کێبووە؟ ئەو کاتە پەکەکە هەر نەبوو. پەکەکە وەکو تەنزیمی سیاسی هەبوو. پەکەکە شەڕی چەکداری لە ساڵی ١٩٨٤ راگەیاند. ئەو کاتە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوێ بوو. ئەمە دژی کوردی عێراق بووە."

وەزیرە عێراقییەکە داوای لە تورکیا کرد واز لە ڕێگەی سەربازی بهێنێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی پەکەکە.

ئامانجی رەخنەکانی فوئاد حوسێن تەنیا تورکیا نەبوون. بەڵکو پەکەکەشی تۆمەتبار کرد کە "کێشە"ی بۆ عێراق وهەرێمی کوردستان دروستکردووە.

تورکیا دەسەڵاتدارانی کوردی باکوری رۆژهەڵاتی سوریاش بە تیرۆرست دادەنێت. لەم رووەوە واشنتن بۆچوونی جیاوازە لە هاوپەیمانەکەی ناتۆی و هێزەکانی سوریای دیموکرات بە "هاوبەشێکی کاریگەر" ی خۆی دژی ڕێخکراوی توندڕەوەی دەوڵەتی ئیسلامی دادەنێت.

XS
SM
MD
LG