Accessibility links

تیرێژ: سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران لە چوارساڵی داهاتوودا


داهاتووی سیاسەتی ناوخۆی ئێران و سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە ژێر دەسەڵاتی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو بەرەو کوێ دەڕوات؟

زۆری نەماوە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری نوێی ئێران بە فەرمی دەست بەکار بکات، هاوکاتیش بەڕێوبەرایەتی ڕۆحانی دۆسیەکان یەک بە یەک ڕادەستی دەستەی گواستنەوەی حکومەتی نوێ دەکات و لەئێستادا پرسیار دەربارەی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران لە چوار ساڵی داهاتوودا بووەتە یەکێک لە گرنگترین پرسەکان لای شرۆڤەکارانی سیاسی و هەروەها لای خەڵکی شەقامی ئێرانیش.

بەو پێیەی کە ڕێژەیەکی کەم لە خەڵک لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا بەشداریان کرد و دەگوترێت بۆشاییەکی زۆر قووڵ و بەرین لە نێوان دەسەڵات و خەڵکی ئێراندا دروست بووە، ئایا ڕەئیسی بۆ نەهێشتن و چارسەرکردنی ئەو بۆشاییەی کە دروست بووە، جارێکیتر بوار بۆ ڕێفۆرمخوازان یان لانی کەم بۆ ئەوانەی پێیان دەوترێت باڵی میانەڕەوی کۆنەپارێز دەکاتەوە، یان بە پێچەوانەوە هێندەی تر وەک زۆرێک دەڵێن کەشەکە یەک دەستتر و بێ دەنگتر دەبێت؟

پرسی ئابووری یەکێک دەبێت لە سەرەکیترین کێشەکان کە ڕەئیسی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، مامەڵەکردنی ڕەئیسی و بەڕێوبەرایەتییەکەی لەگەڵ چەمکی "ئابووری بەرگری" یان ئەوەی کە ئێرانییەکان پێ دەڵێن ئیقتسادی موقاومەتی، چۆ تەفسیری دەکەن و ئایا توانای بەرهەمهێنانی ئێران لە ئاستێکدا دەبێت کە خەڵکی ئێران ڕازی بکات؟

خەڵکی پارێزگای خوزستان لە دژی بێ ئاوی و بێ کارەبایی لەم ڕۆژانەدا دەستیان داوەتە خۆپیشاندان، گەر بێتو خوپیشاندانەکان پەرە بسێنێت و پارێزگا و شارەکانی دیکەش بگرێتەوە، بەو پێیەی کە سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو خۆی لەلایەن چاودێرانی مافی مرۆڤەوە، لەوانە سکرتێری گشتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، تاوانبار کراوە بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی، هەڵسوکەوتی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، بە پێی ئەو تاوانانەی کە دەوترێت کردویەتی چۆن دەبێت؟

گەر ڕێککەوتنی ناوکی بگاتە ئەنجام و پەیوەندییەکان تا ئاستێک ئاسایی ببێتەوە، ئایا ئەمە دەستکەوتێک دەبێت بۆ بەڕێوبەرایەتی داهاتووی ڕەئیسی یان بەناوی ڕۆحانی و بەڕێوبەرایەتییەکەیەوە تەواو دەبێت؟

ستراتیژی گشتی ڕەئیسی و بەڕێوبەرایەتییەکی بەرامبەر بە ئەمەریکا چۆن دەبێت؟

عەلی ڕەبیعی وتەبێژی حکومەتی حەسەن ڕۆحانی ڕایگەیاندوە و دەڵێت ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە، ئەو ڕێککەوتنە سەرەتاییەی نێوان تاران و واشنتنی بۆ لابردنی سزاکان ڕەتکردووەتەوە، ئەمە واتای چی دەگەیەنێت؟

نید پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندوە کە هەرچەندە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکیەکەی ئێران لەبەرژەوەندیی نیشتمانی ئەمەریکا دەبێت، ناوبراو دەڵێت بەڵام ویست و خواستی ئەمەریکا بۆ بەئەنجام گەیاندنی گفتوگۆکان بۆ هەتاهەتایە بەردەوام نابێت، لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ لەم هەفتەیەدا بڵاوی کردەوە و گوتی گەر بێتو گفتوگۆ ئەتۆمییەکان ئەنجامیان نەبێت، ئەوا واشنتن سزای نوێ دەسەپێنێت بە سەر فرۆشی نەوتی ئێران بە وڵاتی چین، ئەم جۆرە لێدوانانە چەندە ئاماژە بە گۆڕینی تەکتیکی بەڕێوبەرایەتی بایدن دەکات بەرامبەر بە ئێران؟

سیناتۆری کۆماری خوازی تەکساس لەگەڵ 15 سیناتۆری دیکە پڕۆژە یاسایەکێان پێشکەشی کۆنگرێسی ئەمریکا کردووە بۆ ئەوەی سزا بسەپێنن بەسەر ڕێبەری باڵای ئێران، ئایەتوڵا خامنەیی و ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران بە هۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤەوە، ئەمەریکا تا چەند دەتوانێت پرسی مافی مرۆڤ وەک کارتێکی گوشار بۆسەر ئێران لەئاستی نێودەوڵەتیدا بەکار بهێنێت؟

ئایا پرسی مافی مرۆڤ لای ئەمەریکا بایەخی هەیە؟

ڕێبەری میلیشیای کەتائیب سەید الشوهەدا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ئاژانسی ئەسۆشێتدپرێس لە بەغدا، سەرکەوتنی ئیبراهیم ڕەئیسی لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئێراندا وەک فاکتەرێکی گرنگ دەزانێت بۆ بەهێزکردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا، ئایا ئێران ئەو تواناییەی دەبێت کە بتوانێت ئەم گرووپانە پشتگیری بکات و لە ناوچەکەدا بەهێزیان بکات بۆ مەبەستی خۆی؟

پرسێکی گرنگی تری سیاسەتی دەرەوەی ئێران پەیوەندی ئێران و سعودیایە، هەندێک پێیان وایە کە بە مردنی شای عومان، سولتان قابوس کە تاکە سەرکردە بوو لە کەنداوی فارس کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سەرکردایەتی ئێراندا هەبوو و کاری بۆ ناوبژی نێوان ڕیاز و تاران کردوە، دەڵێن پەیوەندی ئێران و سعودیا لەنەبوونی کەسایەتییەکی وەک ئەودا سەرناگرێت و خراپتر دەبێت، بەتایبەت کە لەم دواییانەشدا سعودیە لەگەڵ پاکستان کە دراوسێ نزیکی ئێرانە پەیوەندی نزیکی دروست کردوە و ئەمەش جێگای خوشحاڵی نییە بۆ ئێران، ئایا پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە خراپتر دەبێت یان وەک هەندێ پێیان وایە سیاسەتی ڕەئیسی باشترکردنی پەیوەندییەکانی ئێرانە لەگەڵ سعودیە؟

بابەتێکی گرنگی تر ئەم ڕۆژانەی جیهان، پرسی تاڵیبان و ئەفغانستانە کە هۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە تالێبان توانیوێتی وەک دەڵێن زۆرێک لە شوێنەکانی ئەفغانستان بگڕیتەوە دەست، ئێران چەند ڕۆژ پێش ئێستا رایگەیاند کە گروپێکی میلیشای حەشدی شەعبی لەو وڵاتەدا دروست کردوە بۆ شەڕ لەگەڵ تالیباندا، دوای ڕاگەیاندنەکەی ئێران، وه زیری ڕۆشنبیری ئه فغانستان لە وەڵامدا گوتی ئێران بەم جۆرە دەنگۆیانە ئاگری شەڕی ئەفغانستان فراوانتر و ئاڵۆزتر دەکات، ئایا ئێران دەیەوێت هەمان ئەزموونی عێراق لە ئەفغانستان دووپات بکاتەوە و تا چەند دەتوانێت پێگەی خۆی لە ئەفغانستاندا بەهیز بکات؟

دوو مێوانی بەڕیز، هێمن سەیدی، چاودێر و شیکەرەوەی سیاسی لە بەریتانیاوە لەگەڵ ئارەش ساڵح، شارەزا و پسپۆڕ لە زانستە سیاسیەکان لە ڤیرجینیای ئەمەریکاوە لە چاوپێکەونێکدا لەگەڵ بەفراو نوری وەڵامی ئەم پرسیارانەی سەرەوە دەدەنەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:33 0:00
Direct link


XS
SM
MD
LG