Accessibility links

بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر حەشارگەی داعش منداڵێک دەکوژرێت


بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا دژ بە حەشارگەی داعش لە ناوچەیەکی نزیک حەسەکەی سوریا منداڵێک کوژراوە.

وتەبێژی هێزی هاوپەیمانانی نێونەوەی دژ بە داعش، کۆلۆنێڵ وەین مارۆتۆ لە تویتێکدا ڕایگەیاند " هێزەکانی سوریای دیموکرات لێکۆڵینەوە لە مردنی ئەو منداڵە دەکەن کە لەلایەن داعشەوە لە میانەی هێرشەکەدا گیرابوو."

هەروەها دەشڵێت "لەو بڕوایەداین چەتەکانی داعش لە ناو ماڵەکە خۆیان حەشاردابوو، هێرشێکی ئاسمانی ئەنجام درا. پاشان منداڵەکە بەهۆی برینەکانی سەرباری هەوڵەکانی هاوپەیمانان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی گیانی لەدەستداوە."

ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیش ڕوونکردنەوەیەکی لە ژێر ناونیشانی " لەناوبردنی شانەیەکی مەترسیداری داعش دەرەوەی حەسەکە" بڵاو کردووەتەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە " پاش پرۆسەیەکی چاودێری و ئاشکراکردن، یەکینەکانی دژە تیرۆری (هەسەدە) لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی هاوبەش ڕۆژی چوارشەممە، لە گوندی خربێت ئەلجەمۆس کە کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکەوە شانەیەکی تیرۆریستی مەترسیداری سەر بە داعشەی تێکشکاند."

بە پێی ڕاگەیاندەکەی هەسەدە دوو ئەندامی داعش لەو شەڕەی کە بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان ئەنجام دراوە کوژراون و دووانی تریش دەستگیر کراون. دەشڵێت " لە کاتی گەڕان بە نێو حەشارگەکەدا یەکینە تایبەتەکانمانتەرمی منداڵێکی کوژراویان دۆزیوەتەوە، هەرچەندە هێزەکانمان لێکۆڵینەوەیەک دەکەن بۆ ئەوەی بزانن بۆچی منداڵەکە لەوێ بووە و ئەو بارودۆخەی کە بووە هۆی مردنی."



XS
SM
MD
LG