Accessibility links

شوان داودی: کێشەکانی نێو یەکێتی، میدیای حیزبی توشی شڵەژان کرد


سەرپەرشتیاری گشتی دەزگایی میدیایی کەرکوکی یەکێتی، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە پۆستەکەی دوورخرایەوە ڕایدەگەیەنێت، دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی، پەیوەندی بە نزیکیەوە هەبووە لە لاهور شێخ جەنگیەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شوان داودی کە دوور خستنەوەی لە پۆستەکەی مشت و مڕی میدیایی بەدوای خۆیدا هێناوە، دەڵێت "لابردنم، دوو جانبی هەیە، من ڕای جیاوازم هەیە و بە ئاسانی ناچمە ژێر باری هەموو شتێک، بڕیاربوو وەکو مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی، بێ لایەن بین و نەبینە بەشێک لە کێشەکانی نێو حیزب، بەڵام بەداخەوە مەکتەبی ڕاگەیاندن بووە بەشێک لە کێشەکان."

جەختیشیکردەوە "کاتێک لە دەزگایی میدیایی کەرکوک دەست بەکاربووم، لاهور شێخ جەنگی پشتیوانی کردم، بۆیە برادەران دۆخی ناو یەکێتیان بەدەرفەت زانی و دووریان خستمەوە."

لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شوان داودی ڕەخنە لە میدیای حیزبەکەی دەگرێت، بەوەی بووەتە بەشێک لە شڵەژانەکانی نێو یەکێتی، دەڵێت "مەکتەبی ڕاگەیاندن بڕیاریدا هەواڵەکانی لاهور شێخ جەنگی بڵاو نەکاتەوە، توشی حاڵەتێکی شڵەژان بوو، هەواڵ دەهات ناڕاستبوو، لە کەناڵە موعتەبەرەکان بڵاو دەکرایەوە، دوای دە دەقە داوا دەکرا هەوڵەکان بسڕنەوە، یانی شڵەژانەکە، ڕەنگدانەوەی لەسەر میدیای یەکێتیش هەبوو."

هەرچەندە شوان داودی، دوورخستنەوەی لە سەرپەرشتیاری گشتی دەزگای میدیایی یەکێتی بۆ نزیکایەتی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی دەگێڕێتەوە، بەڵام مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی لە ڕوونکردنەوەیەکدا، دەڵێت "دەبووایە لە ڕۆژی 2/11/2020 ەوە، عیماد ناسیح لە جێگەی شوان داودی دەستبەکاربێت، بەڵام داودی هانای بۆ بەرپرسان بردووە بۆ دواخستنی بڕیارەکە، ئێستا کە دەرفەت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی یەکێتی لەبارە، بڕیاری لابردنی شوان داودی پەسەند کرا."

لەبەرامبەردا، شوان داودی باسلەوەدەکات، بە ئیمزای بەرپرسی مەکتەبی ڕاگەیاندن دەست بەکاربووم و بە ئیمزای ئەویش دەستبەرداری پۆستەکەم بووم، چونکە پێشتر کێشەی سیاسی هەبوو لەسەرم، وتی"پێشتر هەڤاڵێکی تر دانرابوو، من ڕەتکرابوومەوە، چونکە بەرپرسی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی منی قەبوڵ نەبوو وەکو شەخس، چونکە لە ڕێی ئەوەوە نەهاتبووم، تەنانەت ڕێگریش بوو لە چوونم بۆ کۆنگرە."

داودی وتیشی "بڕیاری گۆڕانکاری لە 6 کەناڵەکەی یەکێتی جێبەجێکرا، بەڵام ئەوەی کەرکوک نەکرا، داواملێکرا دەستبەرداری کارەکەم نەبم، تا مەسەلەکە یەکلایی دەبێتەوە، ئەم دۆخەی بەسەردا هات، ئینجا پێش جەژن من ئیستیقالەم کرد، لەلایەن هاوسەرۆکانەوە ڕەتکرایەوە و داوایانکرد، بمێنمەوە تا دوای هەڵبژاردن."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شوان داودی بەرپرسی لەسەرکارلابراوی دەزگای میدیایی کەرکوکی یەکێتی، جەختیکردەوە گەر یەکێتی بەم دۆخەوە بەشداری هەڵبژاردن بکات، توشی زەرەری گەورە دەبێت، چونکە شڵەژانێکی گەورە جەماوەری یەکێتی گرتووەتەوە و کەس ناویرێ قسە بکات، بەرچاویان ڕوون نییە.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:05:18 0:00


XS
SM
MD
LG