Accessibility links

ئەردۆغان دادگایەکی ئەوروپا بە نەزان ناودێر دەکات


سەرۆکی تورکیا ڕەخنە و ناڕەزایی دەردەبڕیت لەسەر بڕیاری دادگایەکی ئەوروپا کە دەسەڵات دەدات بە خاوەن کارەکان تا لە هەندێک باردا نەهێڵن فەرمانبەرەکانیان لە شوێنی کارەکاندا سەرپۆش بپۆشن.

دادگای دادوەریی ئەوروپا ڕۆژی پێنجشەممە بڕیاری قەدەغەکردنی سیمبۆلە ئاینییەکانی داوە، لەوانە سەرپۆش، کە دەشێت خاوەن کار ڕەوایی پێبدات بۆ نیشاندانی وێنایەکی بێلایەنانە بۆ کڕیارەکان و کاردارییەکان و هەروەهاش بۆ ڕێگەگرتن لە ڕوودانی کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا دەڵێت "ئەو بڕیارەی دادگا پێشێلکاری ئازادی ئاینییە و پێویستە دادگا ناوی خۆی بگۆڕێت، چونکە هیچ پەیوەندییەکی بە دادوەرییەوە نییە و بۆ ئەوەی بشبێتە دادگای دادوەریی ئەوا پێویستە بزانێت ئازادی ئاینی مانای چییە."

لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لە ئەستانبوڵ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا دەڵێت " هەرگیز ئەوە دادگای دادوەریی نییە کە لە ئازادی ئاینی تێنەگات."

تورکیا مێژوویەکی مشتومڕ لەسەر و هەستیاری هەیە لەسەر سەرپۆش کە بە حیجاب ناودێر دەکرێت.

لە ساڵی 2013دا کاتێک ئەردۆغان سەرەک وەزیر بوو، تورکیا بڕیارە لە مێژینەکەی قەدەغەکردنی حیجابی هەڵگرت لە دامەزراوەکانی وڵاتەکەدا.

3 ساڵ دواتر حکومەت ڕێگەیدا بە ژنانی پۆلیس تا سەرپۆش بپۆشن یان حیجاب بکەن لەژێر کڵاوە فەرمیەکانیانەوە.
ڕۆژی یەکشەممەش وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاگاهیدا سەبارەت بەو بڕیارەی دادگای یەکێتی ئەوروپا و دەڵێت "بڕیارێکی مەترسیدارە لە ڕووی ڕق و کینەوە بەرامبەر ئاینی ئیسلام و ئاگری ئەو ڕق و کینەیە خۆش دەکات."

پەیوەندییەکانی نێوان ئانکەرە و برۆکسل، چەندان ساڵە ئاڵۆزییان تێکەوتووە لەسەر ژمارەیەک دۆسێ لەوانە شکستهێنان لە سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانی ئاشتی سەبارەت بە دوڕگەی قوبرسی دابەشبوو و هەروەهاش لەسەر دۆسێی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیادا.



XS
SM
MD
LG